شاندێكی وەزارەتی بازرگانی سەردانی بەغدا دەكات

چەند پرسێك لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق تاوتوێ دەكەن
نەوزاد شێخ كامل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانى - ئەرشیف
نەوزاد شێخ كامل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانى - ئەرشیف

K24 – ھەولێر

شاندێكی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، بە سەرۆكایەتی وەزیری بازرگانی سەردانی بەغدا دەكات و لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق چەند پرسێك تاوتوێ دەكەن.

نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانى بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەمڕۆ شاندێکى وەزارەت بە سەرۆكایەتی كەمال موسلیم وەزیری بازرگانی سەردانی بەغدا دەكات، ھەر یەك لە بریکارانى وەزارەت بۆ کاروبارى بازرگانى و پیشەسازى و راوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتیەکانى وەزارەت ئەندامی شاندەكەن".

گوتیشی: "ئامانج لەو سەردانه تاوتۆکردنى ھەموو بابەتەکانى پەیوەست بە هەردوولایە بۆ بەهێزکردنى پەیوەندییەکان و هەماهەنگى زیاتر، لە بوارەکانى شایستە داراییەکان، کۆمپانیاکان، کارگەکان، مۆڵەتەکان و دۆزینەوەى چارەسەرى گونجاو بۆ کێشەکانى بەردەم بازرگانان و خاوەن کارگەکان لە هەرێمى کوردستان".

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانى ئاماژەی بەوەشكرد: "پارەی گەنمی جوتياران و گرفتەكانی جوتياران  پرسێك ديكەی گفتوگۆكانی نێوان ھەردوولا دەبێت".