پازده پارێزهرى ئێرانى له ئاههنگێكدا و به جلى نيمچه رووتهوه دهستگيركران
K24 – ههولێر:
رۆژنامەکانی چاپی رۆژی یەکشەممەی تاران لە کاتێکدا کێشەی نێوان لایەنەکانی دەستەڵاتی ئێرانیان لەبیر نەکردووە، چەند بابەتێکی کۆمەڵایەتیی وەک میوانداریی شەوانە و گیرۆدەبووانی ماددەی هۆشبەریشیان بڵاوکردووەتەوە.
رۆژنامەی ئارمانێ ئێمرووز، لە زمان سەرۆکی پاراستن و هەواڵگریی دەسەڵاتی دادوەریی پارێزگای مازەندەرانەوە هەواڵی دەستبەسەرکردنی 15 پارێزەری دادوەریی بڵاوکردهوە کە لە میواندرییەکی شەوانە لە ڤیلایەکی شاری سۆرخروود دەستبەسەرکراون.
ئارمانێ ئێمرووز لە درێژەدا نووسیویەتی: ئەو پارێزەرانە کۆمەڵێک ژن و پیاون و لە نێو ڤیلاکەدا بە جلی نەگونجاو لە کاتی سەماکردن و مەی خواردنەوە دەستبەسەر کراون.
رۆژنامەی ئەفکار، لێدوانی سەرۆکی رێکخراوی بێهزیستیی ئێرانی بڵاوکردووەتەوە و نۆشیروان موحسنی بەندپێی، گوتوویەتی؛ پێموایە ئێستا 10 تا 12 هەزار گیرۆدەی مادەی هۆشبەر لە تاران و لە سەر شەقامەکان هەبن.
کۆکردنەوەی 4 هەزار گیرۆدەی ئاشکرای مادەی هۆشبەریش هەنگاوێکی باش بوو کە پێویستە ئەو رەوتە درێژەی هەبێت.
رۆژنامەی جيهانى ئيقتساد، بابەتێکی بۆ قەیرانی ئاو تەرخان کردووە و لە زمان شارەزایەکی ئەو بوارەوە بە مانشێتی، رۆڵی بەڕێوەبەرایهتیی ئاو لە کۆچی خەڵک بۆ شارە گەورەکەندا، نووسیویەتی: بەڕێوەبەرایەتیی ئاو سەرەتا بە دروستکردنی بەنداو لە سەر رووبارەکان و دوای پێدانی ئیزنی هەڵکەندنی چاڵاوی زۆر بە جوتیاران زیانێکی گەورەی بە جوتیاران و خاوەن باخەکان و ئاژەڵداران گەیاند.
دروستکردنی بەنداو باشە، بەڵام سوودەکەی بۆ خەڵکی خواروی بەنداوەکان نییە.
رۆژنامەی کەیهان لە ستوونی هەواڵی تایبەتدا هێرشی کردووەتە سەر ئایەتوڵڵا رەفسەنجانی وهەواڵێکی رۆژنامەی جەوانی گێڕاوەتەوە و نوسیویەتی ئەگەر هاشمی بانگشەی چاودێریکردن بەسەر لاداندا دەکات با پهيوەندیی نێوان فائیزەی کچی لەگەڵ بەهائییەکان ببینێت.
کەیهان نووسیویەتی: ئایەتووڵڵازادەیەک بە جلی ئیسلامییەوە میوانی چند بەهاییەکی بێ حیجاب بووە و وێنەیان بە یەکەوە گرتووە. فائیزە ماوەی شهش مانگ بەندکرانی، هاوڕێیەتی ئەم بەهائییانەی کردووە.