50 کەس وەك ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاو لە دھۆك تۆمار كران

تەندروستی دھۆك داوا لە ھاووڵاتییان دەكات پابەندی رێكار و رێنماییەكان بن
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - دھۆك

لە پارێزگای دهۆک ھاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی ھەرێمی كوردستان ئامارەکانی تۆشبووانی كۆرۆنا هەڵکشا و 50 کەس وەك ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاو لە دھۆك تۆمار كراون.

د. ئەفراس یاب موسا، بەرێوبەری گشتی تەندروستی پارێزگای دهۆک بە کوردستان24ی راگەیاند: "تائێستا 50 حاڵەتی كۆرۆنای گۆڕاو تۆمارکراون و پێشبینی دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا ژمارەی تووشبووان بە كۆرۆنای گۆڕاو زیاتربێت".

گوتیشی: "ڤایرۆسەکە بە خێرایی بڵاودەبێتەوە و ئێستا هەموو حاڵەتەکانی کۆرۆنا وەک ڤایرۆسی گۆڕاو هەژمار دەکرێن".

بەرێوبەری گشتی تەندروستی دھۆك راشیگەیاند: "خۆپارێزی تاک لە دهۆک لە ئاستی پێویست دا نییە و داوا لە هاووڵاتییان دەکەین ھۆشیارتربن و زیاتر پابەندی رێنمایی و رێكارەكانی خۆپارێزی بن".

بەگوێرەی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی نزیکەی 37 هەزار لە سنووری پارێزگای دھۆك تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونە و 737 کەسیش بە ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە.