كەشناسی: كاریگەری شەپۆلی بارانبارین زیاتر دەبێت

كەشوھەوای ھەرێمی كوردستان
بارانبارین - ئەرشیف
بارانبارین - ئەرشیف

K24 – ھەولێر

كەشناسی پێشبینی دەكات، لە درەنگانی ئەمشەو كاریگەری شەپۆلی بارانبارین زیاتر بێت، كە دوو رۆژە رووی لەناوچەكە كردووە، بەگوێرەی پێشبینیەكانی كەشناسی لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەكان بەفر دەبارێت و رۆژی ھەینی بارستە ھەوایەكی سارد روو لە ناوچەكە دەكات.

فازڵ ئیبراھیم، بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "لە دوێنێوە كەشوھەوای ھەرێمی كوردستان كەوتووەتە ژێر كاریگەری پاڵەپەستۆیەك لە دەریای ناوەڕاستەوە، بەشێوەی پچڕ پچڕ باران دەبارێت، پێشبینی دەكرێت لە درەنگانی ئەمشەو كاریگەری ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچەكە زیاتر بێت، بەراورد بە دوو رۆژی رابردوو رێژەی بارانبارین زیاتر دەبێت، تا دوای نیوەڕۆی رۆژی ھەینی كاریگەری ئەم شەپۆلە بەردەوامی دەبێت".

گوتیشی: "پێشبینی دەكرێت بارانبارین سەرتاسەری بێت و ھەموو ناوچەكان بگرێتەوە، رۆژی ھەینی بارستە ھەوایەكی سارد روو لە ناوچەكە دەكات پلەی گەرما 5 تا 6 پلە روو دادەبەزێت".

بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوەشدا: "پێشبینی دەكرێت لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەكان بەفر ببارێت".