ئەمەریکا قەدەغە لەسەر پارە سڕکراوەکانی ئێران لە عێراق هەڵدەگرێت

"ئەمەریکا رەزامەندی لەسەر هەڵگرتنی قەدەغەی سامانە سڕکراوەکانی ئێران لە عێراق دەربڕیوە"
دۆلار
دۆلار

K24 - ھەولێر

ئەندامی ژووری بازرگانی هاوبەشی نێوان عێراق و ئێران ئاشکرای كرد، ئەمەریکا بە چەند سەرچاوەیەکی عێراقی راگەیاندووە، قەدەغەی سەر سامانە سڕکراوەکانی ئێران لە عێراق هەڵدەگرن.

حەمید حوسێنی، ئەندامی ژووری بازرگانی هاوبەشی نێوان ئێران و عێراق لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی "چەند سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لە عێراق پێی راگەیاندون، ئەمەریکا رەزامەندی لەسەر هەڵگرتنی قەدەغەی سامانە سڕکراوەکانی ئێران لە عێراق دەربڕیوە."

ئەو ئەندامەی ژووری بازرگانی ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو رێوشوێنە هاوکاری رەوشی ئابووری ئێران دەکات بە تایبەت کە ئێستا لە ساڵی نوێی دارایی و مانگی رەمەزان نزیکدەبنەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، عەبدولناسر هیمەتی سەرۆکی بانکی ناوەندی ئێران لە 14ی مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو رایگەیاندبوو، قەبارەی سەرمایەی سڕکراوی وڵاتەکەی لە عێراق زیاتر لە پێنج ملیار دۆلارە.