چی دەزانی لە بارەی سیستەمی ئەڤێنجەری ئەمەریكایی كە بڕیارە لە عێراق و سووریا بەكاری بھێنێت؟

له‌ سووریا و عێراق جێگیر ده‌كرێت
سیستەمی ئەڤێنجەری ئەمەریكایی
سیستەمی ئەڤێنجەری ئەمەریكایی

K24 – ھەولێر:

راپۆرتێكی گۆڤاری "فۆربس"ی ئەمەریكایی، ئاشكرایكردبوو، ویلایەتە یەكگرتووەكان بە تەمایە سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە جۆری ئەڤێنجەر لە سووریا و عێراق بڵاوبكاتەوە، كە بۆ لە ناوبردنی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان بەكاردەھێنرێت.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتبوو: "ئەگەری ھەیە ئەمەریكا، سیستەمی مووشەكی بەرگری مەودا كورت لە جۆری ئەڤێنجەر بەكاربھێنرێت بۆ بەرگریكردن لە ھێزەكانی خۆی لە عێراق و سووریا لە ئەنجامی زیادبوونی ئەو ھەڕەشانەی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان دەیكەن لە ناو ھەڵكشانی گرژی لە ناوچەكەدا.

ئەو سیستەمە بۆ چی بەكاردێت؟

سیستەمەكە درووستكراوە بۆ پاراستنی پیادە لەو فڕۆكانەی لە بەرزاییەكی كەم لە ئاسمان دەسووڕێنەوە و ھەروەھا لە مووشەكەكانی كرۆز و فڕۆكەكانی ھیلیكۆپتەر و فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان، ئەم سیستەمە تا كۆتایی ساڵی رابردوو لە بنكەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكەدا بوونیان نەبووە.

لە راپۆرتەكەدا ھاتووە: "لەم ساڵانەی دواییدا، بڵاوبوونەوەی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان بە شێوەیەكی بەرفراوان زیادیكردووە كە پێشكەوتووتر و كاریگەرترن و لە لایەن ھێزە كاریگەرە نادەوڵەتییەكان لە سووریا و عێراق بەكاردەھێنرێن، كە لەوانەیە ھەڕەشەیەكی مەترسیدار بێت، بە تایبەتی ئەگەر ھێزەكان ئامادەنەكرابن بە سیستەمی جوڵاوی بەرگری ئاسمانیی كەم مەودا".

راپۆرتەكە ئاماژەشیكردبوو، "لەوانەیە ئەم ھەڕەشەیە مەترسیدارترینیان بێت لە سەر ھێزەكانی ئەمەریكا دوای بۆمبی چێنراو وچاندنی مینەكان، لە ساڵانی یەكەمی شەڕ لە ئەفغانستان و عێراق، دیاربوو ئۆتۆمبێلەكانی ھەمفیی ئەمەریكایی بە توندی دووچاری بۆمبی چێنراوی ژێر لێوارەكانی رێگا دەبنەوە، كە بووە ھۆی لێكەوتنەوەی ژمارەیەكی زۆری قوربانیانی ئەمەریكایی".