وه‌زیری ته‌ندروستی ئاماری كۆرۆنای خسته‌ڕوو
K24 - هه‌ولێر:
سامان به‌رزنجی، وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه (8ی ئادار/ مارسی 2021) رایگه‌یاند، وه‌ك هاندان ڤاكسینی كۆرۆنای به‌كارهێناوه، له‌كاتێكدا (344) حاڵه‌تی تووشبووی كۆرۆنا ئه‌مڕۆ تۆماركراوه و زۆربه‌ی ئه‌و حاڵه‌تانه‌ش زنجیره‌ی نوێ كۆرۆنان، (4) كه‌سیش به كۆرۆنا گیانیان له‌ده‌ستداوه.
سامان به‌رزنجی گوتی: "ئه‌و بڕه ڤاكسینه‌ی هه‌یه، زۆر كه‌مه، ته‌نانه‌ت به‌شی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیش ناكات، بۆیه به پێی رێنماییه‌كانمان، پێدانی ڤاكسین ته‌نیا بۆ ئه‌و كارمه‌ندانه‌یه، كه راسته‌وخۆ كار له‌گه‌ڵ ڤایرۆسه‌كه‌دا ده‌كه‌ن، له نه‌خۆشخانه و سه‌نته‌ره‌كانی كۆرۆنا و تاقیگه‌كان".
گوتیشی: "ئه‌وڕۆ له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رانی ته‌ندرووستی و نه‌خۆشخانه‌كان ڤاكسینه‌كه‌م وه‌رگرت، تا دڵنیایی بده‌مه ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی له ریزی پێشه‌وه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنان و زیاتر به‌ركه‌وته‌یان له‌گه‌ڵ ڤایرۆسه‌كه ده‌بێت، ئه‌و پڕوپاگه‌نده‌یه‌ش ره‌تده‌كه‌مه‌وه، كه له‌سه‌ر سه‌لامه‌تی ڤاكسینه‌كه ده‌كرێت".
وه‌زیری ته‌ندروستی ئاماژه‌ی به‌وه كرد، "به‌رده‌وام له هه‌وڵی به‌ده‌ستخستنی ڤاكسینی كۆرۆناین، ئه‌مڕۆ به‌یانیش قسه‌م له‌گه‌ڵ وه‌زیری ته‌ندروستی عێراق كردووه، بڕیاره (15)ی ئه‌م مانگه بڕی (187) هه‌زار ڤاكسینی دیكه بگاته هه‌رێم، داواش له هاووڵاتیانی ده‌كه‌م، له‌كاتێكدا ڤاكسینی ته‌واو له‌به‌رده‌ست نییه، له رێككاره‌كانی خۆپارێزی به‌رده‌وام بن".
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، "ئه‌مڕۆ (344) حاڵه‌تی تووشبووی كۆرۆنا هه‌یه و زۆربه‌ی ئه‌و حاڵه‌تانه‌ش زنجیره‌ی نوێ كۆرۆنان، (4) كه‌شیش به كۆرۆنا گیانیان له‌ده‌ستداوه".
سامان به‌رزنجی روونیكرده‌وه، "سیسته‌مێكی نوێ، له رێگه‌ی دجیتاڵییه‌وه به‌كاردێنن، كه سیسته‌مێكی پێشكه‌وتووه، بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی ڤاكسینه‌كه وه‌رده‌گرن و كارتێكیان پێده‌ده‌رێت، وه‌ك پاسپۆرت تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه و له‌هه‌موو جیهاندا كاری پێده‌كرێت، له رێگه‌ی ئه‌پێكی مۆبایله‌وه ده‌خرێته به‌رده‌ستی هاووڵاتییانه‌وه".
د.ی