برێت مەکگۆرك: لە ناوچوونی داعش لە عێراق و سووریا نزیكبووەتەوە

"رۆژ دوای رۆژ لە پاشەكشەدایە"

K24 - ھەولێر

نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا لە ھاوپەیمانی دژی داعش رایگەیاند، داعش لە عێراق و سووریا لە پاشەكشەدایە و نزیکبووەتەوە لە لەناوچوون.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە عەمانی پایتەختی ئوردون برێت مەکگۆرك، نوێنەری باراك ئۆباما سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ئاشکرای کرد داعش رۆژ لە دوای رۆژ لە پاشەکشەدایە لە عێراق  و سووریا لە ناوچوونی نزیك بووەتەوە".

نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: "ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی تەنیا لە بەرەکانی شەڕ لە پێشڕەویدا نییە، بەڵکو لەسەر ئینتەرنێت و بە تایبەتی تۆڕەكانی تویتەر و فەیسبوك توانیوویانە زاڵبن بەسەر ھەوڵەکانی داعش بۆ بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەکانیان".

مەكگۆرك راشیگەیاند: "وڵاتی ئوردون لە شەڕی دژی داعش، رۆڵێکی گرنگ و کاریگەر ھەبووە".

ئەم گوتانەی برێت مەكگۆرك، لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بوو لەگەڵ شاعەبدوڵڵا، شای ئوردن كە دوێنێ سەردانی عەمانی كردبوو.