لەبارەی تۆماركردنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاكان روونكردنەوە دەدرێت

"زانیاری لەبارەی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاكان كۆدەكرێتەوە، بەڵام ئۆتۆمبێلەكان تۆمار ناكرێن و ژمارەیان پێنادرێت"
ھاوردەكردنی ئۆتۆمبێل - ئەرشیف
ھاوردەكردنی ئۆتۆمبێل - ئەرشیف

K24 – سلێمانی

لە چەند رۆژی رابردوودا بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھاتووچۆی ھەرێمی كوردستان، لە راگەیەندراوێكدا داوای لە خاوەن ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاكان كرد سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی ھاتووچۆ بكەن، بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمی و زانیاری لەبارەی ئۆتۆمبێلەكانیان. بەڕێوەبەری راگەیاندنی ھاتووچۆی پارێزگای سلێمانی روونیدەكاتەوە، وەرگرتنی ئەو زانیاریانە بۆ تۆماركردنی ئۆتۆمبێل و پێدانی ژمارە نییە.

بەختیار محەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ھاتووچۆی پارێزگای سلێمانی بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەو داواكارییە لە شوفێر و خاوەن ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاكان، تەنھا بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمێك و وەرگرتنی زانیارییە، دەتوانین بڵێین بۆ ئامارە، تا بزانین چەند ئۆتۆمبێل بەمشێوەیە ھاتوونەتە ناو ھەرێمی كوردستان. ئەوە ناگەیەنێت كە فۆڕمی تۆماركردنی ئۆتۆمبێلە یان پێدانی ژمارەیە، بڕیار و راسپاردەكان زۆر روون و ئاشكران".

روونیكردەوە: "ئەو زانیاریانەی كە وەردەگیرێن بریتین لە جۆری ئۆتۆمبێل و ژمارەی شانسیەكان و لای كێیە و ژمارەی مۆبایلی خاوەنەكەی، ئەم زانیاریانە لە فۆڕمێكدا تۆمار دەكرێن".

سەبارەت بەو تابلۆ ساختانەی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاكان، بەختیار محەمەد گوتی: "ئەم تابلۆیانە ساختەن و ھاتووچۆ پێی نەداون، ئەمە كێشەیەكی یاساییە و دەبێ چارەسەر بكرێت".

ھ.م