نرخی نەوت ئاستێکی پێوانەیی نوێی تۆمار کرد

بەهۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی نەوتی نێجیریا و سەرهەڵدانی مەترسی لە ڤەنزویلا

K24-هەولێر

نرخی نەوتی خاو ئەمڕۆ دووشەممە ئاستێکی پێوانەیی نوێی تۆمار کرد و نرخی بەرمیلێکی گەیشتە سەرووی 48 دۆلاری ئەمریکی.

بەپێی بۆرسەکانی جیهان ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێکی نەوتی خاوی جۆری پێوەری برێنت کە یەکێکە لە باشترین جۆرەکانی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان گەیشتە 48.5 دۆلار و نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی تێکساسی ئەمریکاش گەیشتە 46.84 دۆلار.

ئەمە لە کاتێکدایە سەرەتای ئەم مانگە نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهان بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2016 ئاستێکی پێوانەیی نموونەیی تۆمار کرد و گەیشتە سەرووی 50 دۆلار، بەڵام دوای چەند رۆژێک دابەزییەوە.

پسپۆران و چاودێرانی کەرتی نەوت لە جیهان دەڵێن هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ئەمڕۆ بەهۆی کەمبوونی بەرهەمهێنانی نەوتی نێجیریایە لە پاڵ پێشبینیکردنی سەرهەڵدانی ناسەقامگیریی سیاسیی لە ڤەنزویلا، ئەم دوو وڵاتە لە ئاستی جیهان وەک دوو بەرهەمهێنەر و هەناردەکاری نەوت ناسراون و کاریگەرییان لەسەر بازاڕی نەوت هەیە.

لە ناوەڕاستی ساڵی 2014 وە تاوەکوو ئێستا نەوت نزیکەی 60% بەهای خۆی لە دەستداوە، چونکە ئەو کات بەرمیلێکی نەوتی خاوی جۆری برێنت بە نزیکەی 115 دۆلار دەفرۆشرا کەچی ئێستا بە کەمتر لە 50 دۆلار دەفرۆشرێ، ئەمەش بەشێک لە وڵاتانی هەناردەکاری نەوتی دووچاری قەیرانی دارایی کردووە.

ئا: ئا ، ف