زانا تۆفیق: پەكەكە ئەجندای وڵاتان جێبەجێ دەكات

"پەكەكە كار بۆ تێكدانی سەقامگیری ھەرێمی كوردستان دەكات"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

زانا تۆفیق چاودێری سیاسی، لەمیانی بەشداریكردن لە گەشتێكی ھەواڵەكانی كوردستان24 رایگەیاند: "ئەوەی ئێستا پەكەكە دەیكات كارێكی نوێی نییە، بەڵكو پەكەكە لە رابردووشدا چەندین كاری وای ئەنجامداوە، پەكەكە نە لە ستراتیژی ھەرێمی كوردستان دەگات، نە لە تەكنیكی سیاسەت، ئەمان ھەمووكات خەریكی نانەوەی پشێوین و دەیانەوێت سەقامگیری سیاسیی لە ھەرێمی كوردستان بشێوێنن، لەسەر سنوورەكان دەیانەوێت بیانوو بدەن بە دەست دەوڵەتی توركیا، بۆ ئەوەی ھێرش بكەنە سەر ھەرێمی كوردستان و سنوور ببەزێنن".

گوتیشی: "كردەوەكانی پەكەكە بووەتە ھۆكار بۆ ئەوەی تائێستا 53 گوندی سەر سنوورەكانی ھەرێمی كوردستان ئاوەدان نەكراونەتەوە، ئەمەش یەكێكە لە كارە خراپەكانی پەكەكە، كە ئەجندای نەیارانی كوردە و ئەوان جێبەجێی دەكەین".

زانا تۆفیق، ئاماژەی بەوەشدا: "ئەگەر دیقەت بدەین لە رووی ئایدۆلۆژیاوە پەكەكە ھیچ خاڵێكی ھاوبەشی لەگەڵ حەشدی شەعبی نییە، بەڵام رێككەوتنی ژێر بە ژێریان ھەیە، جگە لەوەش چەندین رێككەوتنی لەگەڵ وڵاتە ھەرێمییەكان ھەیە و چەك و پارەیان لێوەردەگرێت، ئەمەش تەنھا بۆ نانەوەی پشێویی و لاواز كردنی ھەرێمی كوردستان و زیان گەیاندن بە ئابووری ھەرێمی كوردستان".

راشیگەیاند: "پەكەكە نەك ھەر لە ھەرێمی كوردستان، بەڵكو لە رۆژئاوای كوردستانیش دەستوەردان لە كاروباری سیاسی و ئیداری دەكات و چەندین گرووپیان دروستكردووە".

ئەو چاودێرە جەختیكردەوە: "پەكەكە خەریكی جێبەجێكردنی ئەجندای خۆی نییە، بەڵكو ئەجندای دەرەوەی خۆی جێبەجێ دەكات، چونكە پەكەكە ئێستا لە دەست خۆی دەرچووە و لە دەست چەند گرووپێكدایە كە گرووپی دەستڕۆیشتووی ناو حزبەكەن و لەلایەن وڵاتانی ھەرێمیی ئاراستە دەكرێن و چەندین لینكیان لەگەڵ ئەو وڵاتانە و گرووپە توندڕەوەكان ھەیە".

باسی لەوەشكرد: "لە ھیچ شوێنێكی دونیا نییە رێگە بە ھێزێك بدرێت بارەگا بكاتەوە و لەو شوێنەش بەرامبەر وڵاتێكی دیكە چالاكیی سەربازیی ئەنجامبدات. حكومەتی ھەرێمی كوردستان و ھەموو لایەنەكان باوەڕی تەواویان بە مافەكانی كورد لە باكووری كوردستان ھەیە، بەڵام نابێ ئەمە وەك دەرفەت بقۆزنەوە بۆ ھێرشكردنە سەر توركیا، خۆزگە چالاكییەكانیان لەناو خاكی باكووری كوردستان دەبوو، نەك لێرە بە دانانی مین پێشمەرگە شەھید بكەن".

گوتیشی: "دەبێ پەكەكە لەوە تێبگات ھەرێمی كوردستان شوێنی خەباتی ئەوان نییە، بەڵكو باكووری كوردستان شوێنی خەباتی پەكەكەیە پێویستە لەوێ چالاكییەكانیان بكەن، بۆیە دەبێ سنوورێك بۆ پەكەكە دابنرێت".