هەڵبژاردنی پەرلەمانی هۆڵەندا بەڕێوەدەچێت و ژمارهیهك كوردیش كاندیدن
K24 - هۆڵەندا:
هەر 4 ساڵ جارێک هەڵبژاردنی پەرلەمانی هۆڵەندا بەڕێوەدەچێت، دوا هەڵبژاردن 15ی ئاداری 2017 ئەنجامدراوە، 28 پارت و 1116 کاندید بەشداری کێبڕکێی هەڵبژاردن بوون و پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراتی (VVD)، زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا و بەسەرۆکایەتی مارک روتە، بە هاوپەیمانی لەگەڵ 3 پارتی تر توانیان زۆرینەی كورسییهكانی پەرلەمان بەدەستبهێنن و حکومەتیان بەسەرۆکایەتی مارک روتە پێکهێنا.
بەهۆی دەرکەوتنی گەندەڵی لە بەڕێوەبەرایەتی باجی ئەو وڵاتە و نەبوونی توانای کابینەی حکومەت بۆ رووبەروبوونەوەی ئەو دۆسیهیه، لە 15ی کانوونی دووەمی ئهمساڵ، دەستیان لەکار کێشایەوە، سەرۆک وەزیران نامەی دەست لەکارکێشانەوەی حکومەتەکەی بەچوونی بە پاسکیل بۆ لای شای وڵات پێشکەش کرد و حکومەت بوو بە حکومەتی کاربەڕێکەر تا رۆژی هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەتی نوێ، پەرلەمان هەموو مافێکی بڕیاردانی دایەوە بە حکومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و بەردەوام بوون لە رێنماییەکان.
ئەم مانگە لە 15 تا 17ی ئادار دووبارە هەڵبژاردنی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت بە بهشداری 37 پارتی هۆڵەندی و 1579 کاندید پێشبڕکێ دەکەن بۆ 150 کورسی پەرلەمان. لەناو کاندیدەکاندا چەند کوردێکیش ههن بۆ پەلەمان.
هاوڕێ رەحیمی کاندیدی ژمارە 44 و رێبین مارف کاندیدی ژمارە 64، دیلان یەشلیگۆز زێخێریوس کاندیدی ژمارە 5ی پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراتی (VVD)ـین، شاد رەئوف ژمارە 6ی لەسەر لیستی پارتی سپلینتەر، مورات مەمیس کاندیدی ژمارە 14ی پارتی سۆسیالیست، سەرپیل ئاتەس کاندیدی ژمارە 24ی پارتی سەوزی چەپ.
ئەوەی جێی سەرنجە کاندیدی ژمارە 5ی پارتی کار، بەناوی کاتی پیری پۆستەری هەڵمەتی هەڵبژاردنی خۆی بە کوردی نووسیوە و هەڵمەتی هەڵبژاردن بەکاریدەهێنێت و داوادەکات دەنگ بدەن بە لیستی ژمارە 7، کاتی بۆ کوردستان 24 دەڵێت: "کوردەکان هاوڕێی باشی منن، لەناو هۆڵەندا و لەدەرەوەی هۆڵەنداش، کاتێک پەرلەمانتاری پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپاش بووم، هەمیشە من باسم لەوان کردووە و ئەوانیش دەنگی خۆیان داوەتە من، ئێستاش جارێکی تر من پۆستەرەکانم بە کوردی نووسیون، تا من ببم بە دەنگی وان لەناو پەرلەمانی هۆڵەندا و ئەوانیش دەنگی خۆیان بدەن بەمن".
لەبەردەوامی قسەکانیدا بۆ کوردستان 24 کاتی جەخت دەکاتەوە: "من دەمەوێت لەپەرلەمانی هۆڵەندا داکۆکی لە مافەکانی کورد لەم وڵاتەدا بکەم و دەنگ و مافەرەواکانی گەلی کورد بگەیەنمە هەموو بەشێکی هۆڵەندا".
ئەوەی ئەم هەڵبژاردنە لە هەڵبژاردنەکانی تر جیادەکاتەوە شێوازی دەنگدانە، جگە لە رێنماییەکانی خۆپاراستن لە کۆرۆنا، شێوازی هەڵمەتی هەڵبژاردن و دەنگدان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بۆ چۆنیەتی دەنگدان دەبێت ئەم خاڵانە هەمووی لەبەر چاو بگیرێت
دەبێت شوێنی تەرخانکراو بۆ دەنگدان، بۆ دەنگدەران و کارمەندانی بنکەکانی هەڵبژاردن، دووری نێوانیان مەتر و نیو بێت و شوێنێکی تەواو داخراو نەبێت و لەگەڵ چوونە ژوورەوە دەستیان بە ماددەی تایبەتی پاکكەرەوە بشۆن و پێویستە دەمامک (ماسک) بەکاربهێنن.
- دەبێت هەموو کارمەندانی بنکەکان پشکنینی تەندروستیان کردبێت پێش کارکردن، ئەگەر پشکنینی پێش وەختی نەکردبێت ناتوانێت ئەو کارە ئەنجامبدات.
- هەموو ئەو دەنگدەرانەی باری تەندروستیان یان کاریگەری کۆرۆنا، یان هەڵگری ڤایرۆسەکە بن، مافی چوونە ژوورەوەیان نییە.
- لەهەموو بنکەیەکی دەنگداندا، کارمەندێکی زیاد وەک چاودێر، کۆنترۆڵی بەڕێوەچوونی رێنماییە تەندروستییەکان دەکات لە خۆپارێزی و راگرتنی دووری نێوان کەسەکان و دەست شوشتنیان بە ماددەی تایبەتی پاکەرەوە.
- دەبێت لەدوای هەر دەنگدانێک قەڵەم و مێز و هەموو ئەو شوێنانەی دەنگدەر بەکاریهێناون پاکبکرێنەوە، لە هاندێک شارەوانی و بنکەی دەنگدان، قەڵەمی سووری تایبەت دەدرێت بە دەنگدەر و دەتوانن لەگەڵ خۆیان بیبەنەوە.
شێوازی دەنگدان:
لەنێوان دەنگدەر و کارمەندی بنکەکە، شووشەی پاراستن هەیە، دەنگدەر پێناسەکەی لە شووشەکەوە پیشانی کارمەند دەدات، کارمەندی بنکەکەش هەندێک پرسیاری تەندروستی کۆڤید 19 لە دەنگدەر دەکات و تا ئەو وەڵامانە وەرنەگیرێت دەنگدەر ناتوانێت دەنگ بدات و لەکاتی وەڵام نەدانەوەش مافی دەنگدانی لەو بنکەیە نابێت.
هەر تاکێک کە مافی دەنگدانی هەبێت بۆی هەیە بە پڕکردنەوەی کارتی مافی دەنگدان لەلایەن کەسی ترەوە، کە لە 3 کەس زیاتر نەبێت دەنگیان بۆ بدات. بەمەرجێک کەسەکە لەرێی پۆستەوە دەنگی نەدابێت.
ئەو کەسانەی تا رۆژی دەنگدان دەبنە 70 ساڵی تەمەن، کارتێک بەناوی کارتی دەنگدانی زیاتر (پلەس) وەردەگرن، لەگەڵ ئەوەی دەتوانن بچنە بنکەکانی دەنگدان یان بە نامە و مافی راسپاردنی کەسی تریشیان هەیە، دەنگیان بۆ بدات.
دەنگدەران کە دەچنە ناو چوارچێوەی کەسانی هەستیار بە نەخۆشی و زیاتر مەترسی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنایان هەیە، لە هەندێک بنکەی دیاریکراو لە شارەوانییەکان دەتوانن پێش رۆژی دەنگدان واتە رۆژانی 15 و 16ی ئادار دەنگ بدەن، لە کاتژمێر 7:30ی بەیانی تا 9:00ی شەو. دەنگی ئەو دەنگدەرانەش راناگەیەندرێت تا رۆژی راگەیاندنی گشتی ئەنجامی هەڵبژاردن کە رۆژی چوارشەمەی 17ی ئادار/ مارسه.
لە 15ی حوزەیران/ یۆنیۆی ساڵی 1917، یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی لهو وڵاته ئهنجامدرا، بۆ متمانەدان بە یەکەم خوێندنەوەی گۆڕانکارییە پێشنیازکراوەکان بۆ دەستووری وڵات. یەکەم هەڵبژاردن بریتی بوو لە 50 بنکەی دەنگدان، یەکەم پارت پارتی (RK) رۆمانە کاتۆلیکەکان کە ساڵی 1892 دامەزرابوو، بووە یەکەم پارتی گەورەی پەرلەمان تا ساڵی 1925.
رۆژانی 15 تا 17ی ئادار، دەنگدان بۆ پەرلەمانی هۆڵەندا بەڕێوەدەچێت، لەکۆی 17 ملیۆن و 280 هەزار دانیشتوانی هۆڵەندا، 13 ملیۆن و 152 هەزار و 351 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیە 810 هەزار گەنج بۆ یەکەمجارە بەشدار دەبن لە دەنگدان.
بە شداربووان بەپێی تەمەن بریتین لە 2 ملیۆن و 372 هەزار و 45 کەس لە تەمەنی 18 تا 30 ساڵن.
3 ملیۆن و 837 هەزار و 765 هەزار کە لە 30 ساڵ تا 50 ساڵن.
4 ملیۆن و 525 هەزار و 70 کەس لە 50 ساڵ تا 70 ساڵن.
2 ملیۆن و 417هەزار و 471 کەس لە تەمەنی 70 ساڵ بەرەوژوورترن.