میدیاكانی جیهان باس له سایكس و پیكۆی نوێ دهكهن
K24 - ههولێر:
لەگەڵ تێپەڕبوونی 100 ساڵ بەسەر رێککەوتنامەی سایکس پێکۆ، ئێستا چاودێرانی سیاسی و میدیاکانی جیھان، ھەریەك لە جۆن کیری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی رووسیا بە ماڕک سایکس و فڕانسوا جۆرج پیکۆی نوێ دەناسێنن.
جۆن کیری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و ھاوتا رووسییەکەی سیرگی لاڤرۆڤ، دوو ئەندازیارەکەی داڕێژەری نەخشەی نوێی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جێگرەوەی ماڕک سایسکس و فڕانسوا پیکۆ.
سەرەڕای جیاوازی نێوان سیاسەتەکانی واشنتن و مۆسکۆ، بەڵام لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا، جۆن کیری و سێرگی لاڤرۆڤ بەنوێنەرایەتی ھەردوو وڵاتەکەیان لەزۆربەی وڵاتانی جیھان کۆبوونەتەوە بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشە ھەنووکەییەکانی تەواوی دونیا، بەتایبەتی قەیرانەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە ئێستا چاودێرانی سیاسی، کیری و لاڤرۆڤ بە سایسکس پیکۆی نوێ ناساندووە، وەکو ئاماژەیە بە نەخشەسازی نوێی سنوورە دەستکردەکانی وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا، کیری و لاڤرۆڤ لەسەر قەیرانەکانی سووریا، عێراق، تورکیا، ئێران، یەمەن، رووسیا، ئۆکرانیا و شەڕی داعش کۆبوونەتەوە و سەرپەرشتی کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیان کردووە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ ئەو کێشانە و راگرتنی بەرژەوەندییەکانی واشنتن و مۆسکۆ لەو ناوچانە.
میدیاکانی ئەمریکا ئاشکرایان کرد کە ھەفتانە، ئەگەر کیری و لاڤرۆڤ یەکتریش نەبینن، بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ یەکتر دەکەن، بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان و ئاڵۆزییەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و رۆژھەڵاتی ئەوروپا.
لەگەڵ باسکردنی بەسەرچوونی رێککەوتنامەی سایکس پێکۆ و ھێنانە ئاراوەی جێگرەوەیەک بۆ ئەو رێککەوتنامەیە، بۆچوونێکی گشتیش ھەیە کە ھەر چارەسەرێکی نوێ لە رۆژھەڵاتی ناڤین بێتە ئاراوە لەسەر دەستی ئەو دوو گەورە دیپلۆماتکارە ئەمریکی و رووسییە دەبێت.
رەنگ بێت، رێککەوتنامەی سایکس پیکۆ، 100 ساڵ ستەم و ناھەمەتی و ناکۆکی بۆ وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی دروست کردبێت، ھێشتاش دیارنییە ئەوەی ئێستا کیری و لاڤرۆڤ وەکو سایکس پێکۆی نوێ، ھەوڵی بۆ دەدەن، ھەمان ئەنجامی دەبێت، یانیش بۆ ھەتا ھەتایە، کێشەی سنوورە دەستکردەکردەکانی ناوچەکە کۆتایی پێ دێنن.