33 ساڵ بەسەر كیمیابارانكردنی ھەڵەبجە تێدەپەرێت

خەڵكی ھەڵەبجە بە رێپێوان دەچنە سەر گڵكۆی شەھیدان
چەند دیمەنێكی كیمیابارانی ھەڵەبجە
چەند دیمەنێكی كیمیابارانی ھەڵەبجە

K24 – ھەولێر

ئەمڕۆ 33 ساڵ بەسەر كیمیابارانكردنی ھەڵەبجە تێدەپەرێت، ھێشتا كاریگەرییەكانی ئەو كۆمەڵكوژییە بەسەر خەڵكی شارەكە ماوە و حكومەتی عێراقیش بۆ قەرەبووكردنەوەی خەڵكەكەی و بە جینۆسایدناساندنی كارەساتەكە ھەنگاوی جددی نەناوە. ھەروەھا تائێستا بەشێك لە بەركەوتووانی كیمیاباران چارەسەر نەكراون.

لە 16 ئاداری ساڵی 1988 رژێمی بەعسی عێراق، شاری ھەڵەبجەی كیمیابارانكرد، بەو ھۆیەوە زیاتر 5 ھەزار ھاووڵاتی شارەكە شەھیدبوون و ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون، دوای رووداوەكەش بەشێك لە خەڵكی ھەڵەبجە ئاوارەی ئێران بوون.

ھەرچەندە  كیمیابارانی ھەڵەبجە شێوەی كەمە لە جیھاندا، بەڵام تائێستا ئەو كارەساتە وەك جینۆساید نەناسێنراوە.

بەبۆنەی 33 ساڵەی كیمیابارانكردنی ھەڵەبجە ئەمڕۆ چەند چالاكییەك لە شارەكە بەڕێوەدەچن، ھاوكات كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە وەزیر و بەرپرسانی حكومەتی ھەرێم تایبەت دەبێت بە گفتوھۆكردن لەسەر كێشەكانی ھەڵەبجە.

لوقمان عەبدولقادر، سەرۆكی كۆمەلەی قوربانیانی كیمیابارانی ھەڵەبجە، لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی رۆژباشی كوردستان24 گوتی: "ئەمساڵ جیاوازتر لە ساڵانی رابردوو یادەكە دەكەینەوە، لەلای پەیكەری عومەری خاوەر رێپێوانێكی ھێمنانە بۆ سەر گڵكۆی شەھیدان دەستپێدەكات، ئیدارەی شارەكە و كەسوكاری قوربانیان بە لەبەرچاوگرتنی رێنماییە تەندروستییەكان بەشداری دەبن و تاچەگوڵینە لەسەر گڵكۆی شەھیدان دادەنێین و چەند وتارێكیش پێشكەش دەكرێن".

دانیشتوانی ھەڵەبجە ھەر یەكەیان خاوەن چەندین چیرۆكی تراژیدیان لەكاتی كیمیاباران دا، حیکمەت فایەق یەکێک لەو ھەزاران کەسەیە کە بەھۆی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجەوە کەسوکارەکەی لەدەستداوە، ئەو تەمەنی 17 ساڵ بووە کاتێک دایک و باوک و 9 خوشک و براکانی بەھۆی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجەوە شەھید بوون و تەنھا خۆی و خوشکێکی ماونەتەوە، حیکمەت ئەو کاتە پێشمەرگە بووە و پاش هەشت مانگ ئەو كاتە دەزانێت  کە سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەی بەھۆی كیمیابارانكردنی ھەڵەبجە شەھید بوونە.