بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردەی عێراق ناڕه‌زایی لێده‌كه‌وێته‌وه‌

مامۆستا و قوتابیانی كورد ھەڕەشەی خۆپیشاندان دەكەن
kurdistan24.net

K24 - كەركووك

بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردەی عێراق مامۆستا و قوتابیانی خوێندنی کوردی لە كەركووك نیگەران دەکات و هەڕەشەی خۆپێشاندانی فراوان دەکرێت، وەزارەتی پەروەردە 20ی ئاداری وەکو دەسپێکی تاقیکردنەوەکانی نیوەی ساڵ دیاریکردووە، کە سەرەتای دەستپێکی ساڵی نوێی کوردی و جەژنەکانی ئادار و نەورۆزە، لە ئەگەری هەڵنەوەشاندنەوەی بڕیارەکە زۆرینەی خەڵک لە بەشداریکردن لە خۆشییەکانی جەژن بێبەش دەبن.

پێش 16ی ئۆكتۆبەر چەند رۆژێك پێش ھاتنی جەژنی نەورۆز قوتابی و گەنجانی كورد ئامادەكاریان دەكرد بۆ بەرزڕاگرتنی جەژنی نەورۆزە لەسەر قەڵای دێرینی کەرکووک، بەڵام ئێستا لەو رۆژەدا، دەبێ قوتابیان كورد بچنە نێو تاقیكردنەوەكان، هەوڵەکان بەو ئاراستەیەن کورد لەم جەژنە نەتەوەییە دووربخەنەوە.

بەگوێرەی بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی عێراق، 20/3/2021 وەك یەكەم رۆژی تاقیكردنەوە گشتیەکانی نیوەی ساڵ دیاریکراوە، لەو رۆژەش قەدەغەی گشتی هاتووچۆ پەیڕەو دەکرێت، بەوپێیەش بێت رێوڕەسمی کردنەوەی ئاگری نەورۆز لە کەرکووک بەڕێوە ناچێت و گەشت و سەیرانی جەژنی نەورۆزیش ناکرێت.

مامۆستا و قوتابیانی كورد ھەڕەشەی خۆپیشاندان دەكەن و فشارەکان بۆ دواخستنی تاقیکردنەوەکان لە رۆژی 20ی ئادار خراونەتەگەڕ. وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم، پەرلەمانتارانی کەرکووک لەسەرهێڵن و لە کاتژمێرەکانی داهاتوو پێدەچێت بڕیاری کۆتایی لەسەربدرێت.