لاپۆرتا دوو پلانی داناوە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی میسی

خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا
خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا

 

K24-هەولێر

خوان لاپۆرتا، دوای دەست نیشانکردنی وەکو سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، یەکەم هەنگاوی وەک خۆی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن و لە دوای دەست نیشانکردنی وەکو سەرۆکی یانەکە باسی کردووە، رازی کردنی لیۆنێل میسیە بۆ مانەوە لە یانەکەیان.

سەرۆکە نوێیەکەی بلاوگرانا لە کاتی ناساندنی وەکو سەرۆکی نوێی یانەکە، رووبەڕووی میسی گووتی کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی گۆڵکاری مێژوویی یانەکەیان رازی بە مانەوە بکەن، بەڵام چۆن دەتوانن ئەو یاریزانە رازی بکەن.

لاپۆرتا دوو پلانی هەیە بۆ هێشتنەوە گۆڵکاری مێژوویی لە یانەکەی، پلانی یەکەمیان ئەوەیە کە هەوڵ دەدات گرێبەستێکی هەتا هەتایی لەگەڵ واژۆ بکات، واتە تا ئەو کاتەی لە توانایدا بێت دەتوانێت لە ریزەکانی یانەکەیان بەردەوام بێت، بەم شێوەیە کۆتایی بە هەموو دڵە راوکێیەکان دێنێت.

پێشتریش سەرۆکەکانی پشووی یانە کەتەلۆنیەکە ئەم ئۆفەرەیان پێشکەش بە لیۆ کردووە، بەڵام ئەو یاریزانە رەتیکردووەتەوە، هەرچەندە بە هۆی پەیوەندیە باشەکەی نێوان لیۆ و لاپۆرتا، چاوەڕێ دەکرێت ئەمجارەیان رازی بێت.

پلانی دووەمی لاپۆرتا ئەوەیە، لە کاتی نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانە ئارجێنتیناییەکەی یانەکەی، ئەو یاریزانە رازی بکات موچەکەی کەم بکاتەوە، چونکە جیهان بە گشتی بە قەیرانێکی قورسی داراییدا تێدەپەڕێت، بەڵام نابێت ئەوەش لەبیر بکرێت چەندین یانە هەن ئامادەن ئەو یاریزانە بە هەمان موچە بگوازنەوە ریزەکانیان.

لاپۆرتا دەیەوێت لە رێگەی لیۆنێل میسیەوە موجەی سەرجەم یاریزانەکانی دیکەی یانەکەشی کەم بکاتەوە.

لیۆنێل میسی گۆڵکاری مێژوویی یانەی بارسێلۆنا ئەم هاوینە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی کۆتایی دێت و تاوەکو ئێستا ئامادەنەبووە گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە و دەستەی سەرۆکایەتی ئەو یانەیەش هەموو هەوڵەکانیان رازی کردنی ئەو یاریزانەیە.