حوسێن حەمە کەریم: لە ئایندەیەکی نزیک شاندێک لە بەغدا سەردانی هەولێر دەکات

"لەگەڵ شاندەکەی بەغدا گفتوگۆ لەبارەی سەربڕخانەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ راگەیاند، بڕیارە بەمنزیكانە شاندێك لە بەغداوە سەردانی ھەرێمی كوردستان بكات. مەبەست لە سەردانەكەیان گفتوگۆكردنە لەسەر سەربڕخانەكانی ھەرێمی كوردستان و رێكخستەنەوەی كارەكانیان، بەو پێیەی كە  10 سەربڕخانەی مۆڵەت پێدراو لە ھەرێمی كوردستاندا ھەیە و چاوەڕێدەكرێت بەھەماھەنگی لەگەڵ لایەنی بەغدا سەرجەم گرفتەكان چارەسەر بكرێن.

حوسێن حەمە كەریم، گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی گوت: "ماوەیەك پێش ئێستا شاندێكی وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی ھەرێم بە سەرۆكایەتی وەزیری كشتوكاڵ سەردانی بەغدامان كرد، ھەموو ھەوڵەكانمان بۆ رێكخستنەوەی سەربڕخانەكان خستەڕوو، لە ھەرێمی كوردستان 10 سەربڕخانەی مۆڵەت پێدراو ھەیە، بەغدا لە كۆنووسی تایبەت یاداشتیان كردووە".

گوتیشی: "بۆ ئەم مەبەستە بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا شاندێكی بەغدا سەردانی ھەرێمی كوردستان بكات، لە نزیكەوە ھەموو پڕۆژەكان بەتایبەتی سەربڕخانەكان ببینن، پەیوەست بەو بابەتە لیژنەیەكی ھاوبەش لە وەزارەتی كشتوكاڵی ھەرێم و وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق پێكھێنراوە".