ته‌رمێك دوای (2) ساڵ له ناشتنی دیار نامێنێت
K24 - هه‌ولێر:
دیارده‌یه‌كی نامۆ له پارێزگای "به‌نی سوه‌یف"، له باشووری "قاهیره"ی پایته‌ختی میسر، ته‌رمێك دوای (2) ساڵ له ناشتنی دیار نامێنێت.
ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د ئه‌بو حه‌سه‌ن، سكاڵایه‌كی له بنه‌كه‌یه‌كی پۆلیسی "به‌نی سوه‌یف" تۆماركرد و رایگه‌یاند، "دوای ئه‌وه‌ی سه‌ردانی گۆڕی باوكم كرد، تاسام كه بینیم گۆڕه‌كه‌ی شێوێنراوه، زیاتر تاسام كاتێك بینیم ته‌رمی باوكم له گۆڕه‌كه‌یدا نه‌ماوه، كه له كۆتایی ساڵی (2018)ه‌وه ناشتوومانه".
ئه‌بو حه‌سه‌ن گوتی: "رۆژی هه‌ینی رابردوو له‌گه‌ڵ براكانم سه‌ردانی گۆڕی باوكمان كرد، كه نزیكبووینه‌وه، بینیمان به‌شێكی گۆڕه‌كه‌ی باوكم وێران كرابوو، زۆر تاساین كاتێك بینیمان ته‌رمی باوكم له گۆڕه‌كه‌یدا نه‌ماوه، له‌ناو گۆڕستانه‌كه به‌دوای ته‌رمی باوكمان گه‌ڕاین، به‌ڵام نه‌ماندۆزییه‌وه، بۆیه سكاڵامان تۆماركرد".
گوتیشی: "نزیكه‌ی (18) ساڵ به‌ر له ئێستا باوكم ئه‌و شوێنه‌ی له گۆڕستانه‌كه كڕیوه و ته‌واوی پاره‌كه‌شی داوه، به‌ڵام پێمان سه‌یربوو پێشتر چه‌ند كه‌سێكی نه‌ناسراو داوایان كرد گۆڕه‌كه‌ی باوكم بگوازینه‌وه، هه‌رچه‌نده داوامان كرد، شوێنێكی دیكه‌مان له گۆڕستانه‌كه بۆ دابینبكه‌ن، به‌ڵام رازی نه‌بوون".
ئه‌بو حه‌سه‌ن ئاماژه‌ی به‌وه كرد، "زانیاریمان له كه‌سانی نزیك له گۆڕستانه‌كه پێگه‌یشت، كه گۆڕی باوكمان بۆ شوێنێكی دیكه گوازراوه‌ته‌وه، به‌ڵام نازانین له كوێیه، ئه‌و كه‌سانه‌ش ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه لێدوان بۆ پۆلیس بده‌ن".
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، دادگا گوته‌ی من و براكانم و دایكمی تۆماركردووه و چاوه‌ڕوانی رێوشوێنه‌كانی دادگاین، تا لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌و باره‌یه‌وه ته‌واو بكه‌ن و به‌رپرسیارانی ئه‌م كرده‌وه‌یه ده‌ستگیربكرێن.
سه‌رچاوه: سكای نیوز عه‌ره‌بیه
د.ی