بەهای دۆلار بەشێوەیەکی بەرچاو بەرامبەر دینار دابەزی

گوتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی سلێمانی هۆكاری ئه‌و دابه‌زینه‌ی به‌های دۆلار به‌رامبه‌ر دینار ئاشكراده‌كات
دراوی عێراقی و دۆلاری ئه‌مه‌ریكی
دراوی عێراقی و دۆلاری ئه‌مه‌ریكی

K24- هه‌ولێر:

ئێستا بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی کوردستان داخراون، بەڵام لە نووسینگەکان بەهای 100 دۆلار لە نێوان 142 هه‌زار دینار بۆ 142 هه‌زار و 500 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی سلێمانی بۆ کوردستان24، هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار ئاشکرا كرد و هۆکاری ئەو بەرزبوونەوەیەش بۆ چەند فاکتەرێك گه‌ڕانده‌وه‌.

جەبار گۆران گوتی: هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی بەهای دینار بۆ زیادبوونی خستنەڕووی دۆلار لە بانکی ناوەندی عێراق دەگەڕیتەوە، کە ئەمڕۆ 96 ملیۆن و 525 هەزار دۆلاری خستووەتەڕوو، دوێنێش 94 ملیۆن و 794 هەزار دۆلاری خستووەتەڕوو.

گوتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕێ دراوی سلێمانی، هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی بەهای دینار، بۆ لێدوانە جیاوازەکانی پەرلەمانتاران لەبارەی بەرزکردنەوەی بەهای دینار بۆ ئاستی 1300 دینار بەرامبەر دۆلارێك گه‌ڕانده‌وه‌.

ئاماژەی بەوەشدا، بە شێوەیەکی ئاسایی لە کۆتایی هەموو مانگێك بانکەکان دۆلار دەفرۆشن، بۆ ئەوەی دیناریان دەست بکەوێت، تاوه‌كو مووچەی پێ دابین بکەن.

جەبار گۆران روونیشیكرده‌وه‌، لە ئەگەری دابەزاندنی بەهای دۆلارێك بۆ ئاستی 1300 دینار لە لایەن بانکی ناوەندییەوە، ئەوا بێ متمانەیی بە بانکی ناوەندی و سیستەمی دارایی عێراق زیاتر دەبێت، و ئەگەری هەیە لە رۆژێکدا بەهای 100 دۆلار لە نێوان چەند هەزارێك مامەڵەی پێوەبکرێت، هەروەها بازاڕەکان زیاتر دەشێوێن و نرخەکان هەڵبەز و دابەزی زیاتر دەکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ نرخی 100 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی لە کاتی کرانەوەی بازاڕەکان بە 145 هه‌زار و 659 دینار مامەڵە پێوەدەکرا، بەڵام لە دوایین مامەڵەکانیدا بەهای 100 دۆلار بۆ نزیکەی 142 هه‌زار دینار دابەزی.

H.B