هه‌فته‌یه‌كی پڕگۆڵی خولی نایابی كوردستان كۆتایی هات
له گه‌ڕی سێزده‌یه‌می خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان، یانه‌ی سیروانی نوێ تامی یه‌كه‌مین شكستی چه‌شت، له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه یانه‌كانی شێروانه و پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر به فه‌رمی بلیتی گه‌یشتنیان به قۆناخی داهاتووی خوله‌كه مسۆگه‌ر كرد.
سۆران تامی یه‌كه‌مین شكستی به سیروانی نوێ چه‌شت
یانه‌ی سۆران به‌هۆی سڕكرانی له نێو یاریگه‌ی خۆی یارییه‌كه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی له‌سه‌ر یاریگه‌ی دووه‌می فه‌ره‌نسۆ هه‌ریری به‌رامبه‌ر سیروانی نوێ ئه‌نجام دا، له‌م یارییه‌دا سۆران توانی سیروانی نوێ تووشی یه‌كه‌مین شكست بكات له‌م وه‌رزه.
له ده‌ستپێكی گێمی یه‌كه‌م، ئیدریس حوسێن به ئه‌سیستی كۆڤان گۆڵی یه‌كه‌می سۆرانی له خوله‌كی 17 تۆمار كرد، دواتر فۆدی مۆری یاریزانی پیشه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت گۆڵپارێزی سیروانی نوێشی بڕی و گۆڵی دووه‌می به‌شێوازێكی نایاب تۆمار كرد.
پاشان فۆدی مۆری گه‌ڕایه‌وه و له نیوه‌ی یه‌كه‌م سۆرانی كرده خاوه‌نی گۆڵی سێیه‌م و ئه‌نجامه‌كه‌ی به‌سه‌ر سیروانی نوێ قوڕستركرد.
دوای 15 خوله‌ك له ده‌ستپێكی نیوه‌ی دووه‌میش سیروانی نوێ له رێگه‌ی په‌یام ئه‌حمه‌د گۆڵی یه‌كه‌می تۆمار كرد و جیاوازییه‌كه‌ی كه‌م كرده‌وه، پاشان له خوله‌كی 79 به‌هادین به‌كر گۆڵی دووه‌می سیروانی نوێی كرد و جیاوازی ئه‌نجامه‌كه ته‌نیا به گۆڵێك مایه‌وه.
دواجار یارییه‌كه به سه‌ركه‌وتنی سۆران به سێ گۆڵ به‌رامبه‌ر دوو گۆڵ كۆتایی هات و سیروانی نوێی پێشه‌نگی كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م تووشی یه‌كه‌مین دۆڕانی ئه‌م وه‌رزه بوو، سۆرانیش چواره‌مین بردنه‌وه‌ی به‌ده‌ستهێنا و باڵانسی خاڵه‌كانی بۆ 13 خاڵ به‌رز كرده‌وه.
چه‌مچه‌ماڵ ـ برایه‌تی
یانه‌ی چه‌مچه‌ماڵ له نێو یاریگه‌ی خۆی میوانداریی برایه‌تی شاری هه‌ولێری كرد، یارییه‌كه‌ش به یه‌كسانبوون به‌بێ گۆڵ كۆتایی هات.
یانه‌ی چه‌مچه‌ماڵ به 15 خاڵ له خانه‌ی چواره‌می ریزبه‌ندی مایه‌وه، له به‌رامبه‌ردا برایه‌تی به 18 خاڵ بۆ خانه‌ی سێیه‌می كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م دابه‌زی.
شێروانه گه‌یشته قۆناخی داهاتوو
یانه‌ی شێروانه له‌سه‌ر یاریگه‌ی خۆی له كه‌لار میوانداریی یانه‌ی هه‌ڵۆی كرد، یارییه‌كه‌ش به 3 گۆڵ به‌رامبه‌ر تاكه گۆڵێك له‌به‌رژه‌وه‌ندی یانه گه‌رمیانییه‌كه كۆتایی هات.
له خوله‌كی 2ـی ده‌ستپێكی یارییه‌كه عه‌لی كاكه‌مینه ئاسیستێكی كرد و دانا كامه‌ران گۆڵی یه‌كه‌می یارییه‌كه‌ی كرد، دواتر له خوله‌كی 30 بێ‌دار محه‌مه‌د ئه‌نجامه‌كه‌ی بۆ یانه‌ی هه‌ڵۆ یه‌كسان كرده‌وه.
دوای دوو خوله‌ك به‌سه‌ر تێپه‌ڕبوونی گۆڵه‌كه‌ی هه‌ڵۆ، به‌مۆ غه‌ریب له باڵه‌كانه‌وه هێرشێكی برد و ئاسیستێكی كرد و ئه‌ركان ره‌حیم به لێدانی سه‌ر گۆڵی دووه‌می شێروانه‌ی كرد.
پاشان له نێوه‌ی دووه‌می یارییه‌كه ئه‌مجاره‌یان دانا كامه‌ران ئاسیستێكی كرد و عه‌لی كاكه‌مینه گۆڵی سێیه‌می شێروانه و یه‌كه‌مین گۆڵی خۆی له‌م وه‌رزه به درێسی شێروانه كرد، یارییه‌كه‌ش به‌م ئه‌نجامه تاكۆتایی له به‌رژه‌وه‌ندی شێروانه كۆتایی هات.
شێروانه به كۆكردنه‌وه‌ی 19 خاڵ به پله‌ی دووه‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌ی بۆ قۆناخی كۆتایی خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان سه‌ركه‌وت.
ئارارات ـ ده‌ربه‌ندیخان
ده‌ربه‌ندیخان بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی ئارارات گه‌شتی پیرمامی كرد، یارییه‌كه‌ش به یه‌كسانبوون به گۆڵێك بۆ هه‌رلایه‌كیان كۆتایی هات، ئارارات به ته‌واوه‌تی له گه‌یشتن به قۆناخی داهاتوو بێهیوا بوو.
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی نیوه‌ی یه‌كه‌م یانه‌ی ئارارات له رێگه‌ی شه‌وكه‌ت محه‌مه‌د به ئاسیستی جێگر عه‌زیز له خوله‌كی 35 به گۆڵێك پێشكه‌وت، نیوه‌ی یه‌كه‌م به‌م تاكه گۆڵه له به‌رژه‌وه‌ندی ئارارات كۆتایی هات.
دواتر له نیوه‌ی دووه‌م شوانه قادر ئاسیستێكی كرد و دیار عه‌لی ناسراو به حه‌مكه ئه‌نجامه‌كه‌ی بۆ ده‌ربه‌ندیخان یه‌كسان كرده‌وه، یارییه‌كه تا كۆتایی به گۆڵێك بۆ هه‌رلایه‌كیان كۆتایی هات.
یانه‌ی ئارارات به كۆكردنه‌وه‌ی 16 خاڵ له ریزبه‌ندی پێنجه‌می كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م مایه‌وه، له به‌رامبه‌ردا ده‌ربه‌ندیخان به 18 خاڵ له خانه‌ی چواره‌م جێگیر بوو.
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ـ هه‌ندرێن
له كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌می خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان، یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر و هه‌ندرێن به‌یه‌كگه‌یشتن، یارییه‌كه‌ش به یه‌كسانبوون به‌بێ گۆڵ كۆتایی هات، به‌م ئه‌نجامه‌ش یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر به فه‌رمی گه‌یشتنی بۆ قۆناخی داهاتوو مسۆگه‌ر كرد.
یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر به كۆكردنه‌وه‌ی 22 خاڵ له خانه‌ی دووه‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌ی مایه‌وه، له به‌رامبه‌ردا یانه‌ی هه‌ندرێنیش به 21 خاڵ وه‌كو سێیه‌مین یانه‌ی كۆمه‌ڵه‌كه گه‌یشته قۆناخی داهاتوو.
زاخۆ ـ دهۆك
له یاری دێربی پارێزگای دهۆك، یانه‌ی زاخۆ میوانداریی دهۆكی كرد، له‌و یارییه‌دا زاخۆییه‌كان برینه‌كانی دهۆكیان قۆڵتر كرده‌وه و یارییه‌كه‌یان به 2 گۆڵ به‌رامبه‌ر تاكه گۆڵێك لێ برده‌وه.
له ده‌ستپێكی یارییه‌كه ئه‌سعه‌د كازم یاریزانی یانه‌ی زاخۆ به لێدانی پێناڵتی گۆڵی پێشكه‌وتنی كرد، گێمی یه‌كه‌م به‌م تاكه گۆڵه كۆتایی هات.
دواتر له خوله‌كی 76ـی گێمی دووه‌می یانه‌ی زاخۆ گۆڵی دووه‌می له رێگه‌ی محه‌مه‌د سه‌بڕی زیاد كرد، به‌ڵام دوای یه‌ك خوله‌ك یانه‌ی دهۆك وه‌ڵامی دایه‌وه و یه‌كه‌مین گۆڵی خۆی له یارییه‌كه له رێگه‌ی ئه‌حمه‌د سه‌بری تۆمار كرد، یارییه‌كه‌ش به سه‌ركه‌وتنی زاخۆ كۆتایی هات، به‌م ئه‌نجامه‌ش یانه‌ی زاخۆ به فه‌رمی گه‌یشتنی بۆ قۆناخی داهاتوو یه‌كلایی كرده‌وه.
نه‌ورۆز ـ پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی
له دێربی سلێمانی یانه‌ی نه‌ورۆز میوانداریی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی هاوشاری كرد، یارییه‌كه‌ش به سه‌ركه‌وتنی نه‌ورۆز كۆتایی هات.
یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی هه‌ر زوو له رێگه‌ی ئاریان جه‌وهه‌ر گۆڵی پێشكه‌وتنی كرد، دواتر هاوڕێ ئه‌نوه‌ر ئه‌نجامه‌كه‌ی بۆ یانه‌ی نه‌ورۆز یه‌كسان كرده‌وه.
له نیوه‌ی دووه‌م ئه‌حمه‌د وه‌هاب گۆڵی دووه‌می پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی كرد، پاشان یانه‌ی نه‌ورۆز ئه‌نجامه‌كه‌ی یه‌كسان كرده‌وه، پێش ئه‌وه‌ی ناوبژیوان فیكه‌ی كۆتایی یارییه‌كه لێ بدات، نه‌ورۆز گۆڵی سێیه‌می تۆمار كرد و خۆی له دابه‌زین رزگار كرد، له به‌رامبه‌ردا پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی و دهۆك له هه‌فته‌ی داهاتوو ده‌بێت یه‌كێكیان ماڵئاوایی له خولی نایابی كوردستان بكه‌ن.