دوو ساڵە بەرھەمھێنانی نەوت لە كێڵگەی عەین زالە وەستاوە

"داعش بیرە نەوتییەكانی تێكداوە"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/983b7da1-fda4-4d0c-b859-cfaa80331921/PatrolaAinZala.ism/manifest

K24 - دھۆك

ماوەی دوو ساڵە بەرھەمھێنانی نەوت لە كێڵگەی عەین زالە وەستاوە، بەڕێوەبەری ئەو كێڵگە نەوتییە دەڵێ لە كاتی ھاتنی چەكدارانی داعش بۆ ناوچەكە سەرجەم بیرە نەوتییەكانیان تێكداوە، لەو كاتەوە یەك بەرمیل نەوت لەم كێڵگە دەرنەھێنراوە.

بەشیرمحەمەد گەرگەری، بەڕێوەبەری كێڵگەی نەوتی عەین زالە لە لێدوانێكدا بۆ (كوردستان24) رایگەیاند: "لەو كاتەی داعش ئەو ناوچەیەی كۆنتڕۆڵكرد، ھەموو بیرە نەوتییەكانیان تێكداون، بیرە نەوتییەكان لە كاركەوتوون و تەنانەت بەرمیلێك نەوتیش لەم كێڵگەیە بەرھەم نەھێنراوە، بۆ چاككردنەوەی بیرە نەوتییەكانی كێڵگەكە زیاتر 5 ملیۆن دۆلاری دەوێت".

لە 2ی ئابی ساڵی 2014، بیرە نەوتییەكانی كێڵگەی عەین زالە كەوتنە ژێر دەستی چەكدارانی داعش، دوای مانگێك ھێزی پێشمەرگە توانیان كێڵگەكە لە دەستی داعش رزگار بكەن، بەڵام چەكدارانی داعش سەرجەم بیرە نەوتییەكانیان تێكداون و تا ئێستا نەتوانراوە چاك بكرێنەوە.

كێڵگەی عەین زالە دەكەوێتە رۆژئاوای شاری مووسڵ لە 29 بیرە نەوت پێكهاتووە و لە ساڵی 1952 لە لایەن شارەزایانی بریتانیا نەوتی لێ دۆزراوەتەوە، لە سەرەتادا رۆژانە 120 ھەزار بەرمیل نەوتی لێ بەرھەمھێنراوە، بەر لە ھاتنی داعش بۆ ناوچەكە رۆژانە 10 ھەزار بەرمیل لەو كێڵگە نەوتییە بەرھەم دەهێنرا.