پەرلەمانی عێراق دەنگ بە پڕۆژەیاسای بودجە دەدات

بەشیر حەداد: هیچ کێشەیەک بۆ دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بودجە و جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاساکەدا نییە
كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق - ئەرشیف
كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق - ئەرشیف

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و بە گوێرەی بەرنامەی كاری کۆبوونەوەکە، دەنگ بە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2021 دەدرێت.

دوێنێ شەممە 27/3/2021، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە سەرپەرشتی بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و ژمارەیەک وەزیر کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکەش بەشیر حەداد لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند لیژنەی دارایی رێککەوتنی شاندی حکومەت و لایەنە شیعەکانی لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە پەسەند کردووە و هیچ کێشەیەک بۆ دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بودجە و جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاساکەدا نییە.

شەوی رابردوو شاندی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت گەیشتە بەغدا و بەمەبەستی درێژەدان بە دانوستان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان سەبارەت بە پشكی ھەرێم لە بودجەی عێراق.