شەڕ لەنێوان ئاسایشی رۆژئاوا و هێزەکانی ئەسەد لە حەسەکە دەستیپێکرد

"هێزەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا ویستیان نزیکی ناوەندی تاقیکردنەوەی گشتیی قوتابیان بن"

K24-هەولێر

شەڕ و پێکدادان ئەمڕۆ چوارشەممە لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوا و هێزەکانی سەر بە رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا دەستیپێکرد و تا ئێستا زانیاریی لەبارەی قوربانییەکانەوە بەردەست نییە.

پەیامنێرمان لە شاری حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان پێی راگەیاندین: "بەهۆی ئەوەی هێزەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا ویستیان نزیکی ناوەندی تاقیکردنەوەی گشتیی قوتابیان بن لە شارەکە هێزی ئاسایشی رۆژئاوا رێگرییان لێکردن و دەرئەنجام شەڕ و پێکدادان لەنێوان هەردوولا دەستیپێکرد و هێستا شەڕ لە بازاڕی گشتیی حەسەکە نزیکی نەخۆشخانەی عیسام بەغدی بەردەوامە".

بەپێی پەیامنێرمان لە حەسەکە تا ئێستا بەهۆی ئەو شەڕەوە سێ کەسی سڤیل برینداربوونە.

ئەمە لە کاتێکدایە شاری حەسەکە بەسەر سێ ناوچەی دەسەڵات دابەشبووە کە بریتین لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوا و بەشێکی هەرە گەورەی شارەکە هێشتا لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی حکوومەتی سووریایە و بەشێکی بچووکی حەسەکە هێشتا لە بندەستی چەکدارانی داعشدایە.

بۆیە ناوبەناو شەڕ و پێکدادان لەنێوان ئەو هێزانە سەرهەڵدەدات و قوربانییان لێدەکەوێتەوە.

ئەمە یەکەم جار نییە شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزە کوردییەکان لە رۆژئاوا و هێزەکانی رژێمی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا سەرهەڵدەدات، چونکە پێشتر چەند جارێک شەڕ و پێکدادان لەنێوان هەردوولا لە شاری قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان سەریهەڵداوە و قوربانیشیان لێکەوتووەتەوە.

ئا: ئا ، ف