سەرمای (2) شەوی رابردوو زیانی بە بەروبوومی جوتیارانی شارەزوور گەیاندووە

لە ناوچوونی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بە نزیکەی ملیارێك دینار دەخەمڵێندرێت
ژماره‌یه‌ك جوتیاری ناوچه‌ی شاره‌زوور له‌ناو كێڵگه‌كانیان
ژماره‌یه‌ك جوتیاری ناوچه‌ی شاره‌زوور له‌ناو كێڵگه‌كانیان

K24 - هه‌ولێر:

بەھۆی سەرماوە بە ھەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵی لە دەشتی شارەزوور بەروبوومەکانیان لەناوچوون، کە بەنزیکەی ملیارێك دینار دەخەمڵێنرین، زیانی لەناوچوونی بەروبوومەکانیان، کاریگەری راستەوخۆی لەسەر کەمی بەرھەمی ناوخۆیی لەبازاڕەکاندا دەبێت.

جوتیارەکان مشتومڕیانه‌ بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی گونجاو، بەڵام دیارە ئەم لەناوچوونەی شەتڵەکانیان ھیچ رێگەیە چارەیەکی نییە، چونکە شەتڵەکان بەھۆی سەرماوە یەک پارچە سووتاون و لەناوچوون، ئەوان لە کۆتایی مانگی یەکەوە سەرقاڵی ئامادەکردنی ئەم شەتڵانەن.

جوتیارانی دەشتی شارەزوور بەگشتی زیانێکی زۆریان بەرکەوتوە بەھۆی سەرمای (2) شەوی رابردوەوە لەناوچەکە، ئەوان دەڵین ئەگەر لە ئێستاشەوە دەست بەچاندنی تۆو بکەین؛ ئەوا (2) مانگی دیکەی پێویستە تا دەگەن بەم ئاستەی ئێستا، ئەوکاتیش دەکەوینە وەرزی گەرما و دووبارە لەناودەچنەوە و بەروبوومیان نابێت.

بەھەزاران دۆنم زەوی داچێنراو بە تەماتە، خەیار، کولەکە، پەتاتە، بیبەر، ترۆزی، کاڵەک، شوتی، باخی ھەنار و زۆرێك لەبەروبوومەکانی دیکە بەھۆی سەرماوە بەیه‌کجاری لەدەشتی شارەزور لەناوچوون، کە زیانەکان بەنزیکەی یەک ملیار دینار دەخەمڵێنرێن، بە وتەی جوتیارانیش ئەم لەناوچوونە کاریگەری لەسەر کەمی بەرھەمی ئەم ساڵ دەبێت بە رێژەی (80%)ی بەروبوومی کشتوکاڵی لەبازاڕدا کەم دەبێتەوە.

د.ی