كازمی پاشگەز نابینەوە لە بەرزكردنی نرخی دۆلار.. بڕیارەكە وەرگیراوە

مسته‌فا كازمی: ئومێد دەكەین لایەنەكان دوور بكەونەوە لە موزایەداتكردن به‌ پرسی نرخی دۆلار
كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق
كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق

K24 – ھەولێر:

سەرۆك وەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی، ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، بڕیاری بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی بە پێی تێڕوانین و ستراتیجیەتی بە ئامانجكراو وەرگیراون.

كازمی لە میانی دانیشتنی ئەنجوومەنی وەزیرانی، كە ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجامدرا، گوتی: "ئومێد دەكەین لایەنەكان دوور بكەونەوە لە موزایەداتكردن بە پرسی نرخی دۆلار، بڕیارەكە لە لایەن بانكی ناوەندییه‌وه‌ دراوه‌ بە پێی تێڕوانین و ستراتیجەیەتی بە ئامانجكراو.

گوتیشی: "ئێستا ھەست بە دەرئەنجامەكانی دەكەین لەسەر گەشەكردنی یەدەكی دراوی و لە سەر پۆلینكردنی دڵنیایی نێودەوڵەتی عێراق".

بەپێچەوانەی جارەكانی پێشوو، سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق، ھیچ وادەیەكی نوێی بۆ كاتی دەنگدان لەسەر یاسای بودجە دەستنیشان نەكردووە، لە میانی دەركەوتنی ناكۆكییەكی نوێ لە نێوان ھێزە سیاسییەكان، كە داوا دەكەن نرخی یه‌ك دۆلاری ئه‌مه‌ریكی بكرێتەوە 1200 دیناری عێراقی، ئەمەش دوای 4 مانگ دێت لەسەر بڕیاری حكومەت بۆ پەسندكردنی پلانێك به‌مه‌به‌ستی كەمكردنەوەی كورتھێنانی گشتی لە بودجه‌ی وڵاتدا، بە كەمكردنەوەی نرخی دۆلار بۆ هه‌زار و 450 دینار بۆ ھەر دۆلارێك، وەك ھەوڵێك بۆ كەمكردنەوەی جیاوازی دارایی لە نێوان داھاتەكانی دەوڵەت بە پارەی دەرەكی لە فرۆشتنی نەوت و خەرجییەكانی ناوخۆیی لە مووچە و پێداویستییەكانی دیكە.

ژمارەیەك لە كوتلە سیاسیەكان و لەنێوانیاندا كوتلە فەتح، دەوڵەتی یاسا و كوتلەی نەسر ناڕازین لە بەرزكردنەوەی بەھای دۆلار، ئەمەش یەكێكە لە ھۆكارەكانی دواكەوتن لە پەسندكردنی پڕۆژه‌یاسای بودجەی گشتی لە پەرلەمانی عێراق.