مه‌سرور بارزانی: هیوادارم په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ ببێتە دەستپێکی تێپەڕاندنی دۆخی سەختی دارایی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان

مه‌سرور بارزانی: سوپاسی تیمی دانوستانكاری حكومه‌ت و فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانی ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌كه‌م.. ئێمه‌ خۆشحاڵین به‌و پێشكه‌وتنه‌ی به‌ده‌ستهاتووه‌

K24- هه‌ولێر:

له‌ په‌یامێكدا، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی تیمی دانوستانكاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی و فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانی ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی كرد، به‌بۆنه‌ی هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانیان بۆ چه‌سپاندنی پشكی هه‌رێم له‌ پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی گشتیی ساڵی 2021ی عێراق كرد و دووپاتی كرده‌وه‌، بە شێوەیەکی گشتی، ئەم یاسای بودجەیە، لەگەڵ بنەما بنەڕەتییەکانی دەستووردا یەکدەگرێتەوە، کە ئێمە لە سەری پێداگیربووین. گوتیشی: ئێمە خۆشحاڵین بەو پێشکەوتنەی بەدەست هاتووە، کە ماف و ئەرکی هەر لایەك دیاریکراوە.

هه‌روه‌ها گوتی: لەگەڵ جێگری سەرۆك و وەزیرانی هەرێم کاك قوبادیش قسەم کرد بۆ ئەوەی سوپاسی ئەو و تیمی حکومەتی هەرێم بکەم بۆ ئەنجامدانی ئەرکە گرنگەکەیان.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت هه‌رێمی كوردستان:

ئەمڕۆ بە زۆرینەی دەنگی فراکسیۆنەکانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2021 پەسەند کرد. هیوادارم ئەم یاسایە ببێتە دەستپێکی تێپەڕاندنی دۆخی سەختی دارایی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان.

سوپاسی تیمی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ  ئەرک و کۆششی بەردەوامیان کە بە درێژایی چەندین مانگ، لە هەوڵ و کارکردنیان بەردەوام بوون.  هەروەها سوپاسی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ناو ئەنجومەنی نوێنەران دەکەم بۆ هەوڵ و کۆششەکانیان.

ئەم یاسایە لەیەکگەیشتنێکی باش و پێویست بوو لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان. هەرچەندە هەرێم ئەوەی کە دەیویست و داوای دەکرد، بە دەستی نەهێنا، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی، ئەم یاسای بودجەیە، لەگەڵ بنەما بنەڕەتییەکانی دەستووردا یەکدەگرێتەوە کە ئێمە لە سەری پێداگیربووین . ئێمە خۆشحاڵین بەو پێشکەوتنەی بەدەست هاتووە کە ماف و ئەرکی هەر لایەک دیاریکراوە.

هیوادارم هەموو ماددەکانی یاسای بودجە جێبەجێ بکرێن و حکومەتی فیدراڵ، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت. جێبەجێکردنی تەواوی یاسای بودجە، دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکیەکان لە بارەی شایستە داراییەکانەوە لە 2004ەوە تا ئێستا، هەروەها دەبێتە هۆی پەرەپێدانی میکانیزمی نوێی وردبینی لە نێوان دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمدا. ئەم هەنگاوانەش، متمانە و هەماهەنگيی زیاتر، لە نێوان هەردوولا دروست دەکات.

لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بەڕێز مستەفا کازمی قسەم کرد و سوپاسم کرد بۆ پشتیوانییەکەی لە یاسای بودجە و داواشم لێکرد کە پابەند بێت بەوەی لە سەری ڕێککەوتووین و شایستە داراییەکانی هەرێم بنێرێت، جەختم لەوە کردەوە کە بەرژەوەندی عێراق و خەڵکی عێراق لەوەدایە کە پەیوەندییەکی باشی لە گەڵ هەرێمی کوردستان هەبێت.

لەگەڵ جێگری سەرۆك و وەزیرانی هەرێم کاك قوبادیش قسەم کرد بۆ ئەوەی سوپاسی ئەو و تیمی حکومەتی هەرێم بکەم بۆ ئەنجامدانی ئەرکە گرنگەکەیان.

تێپەڕاندنی یاسای بودجە، ئومێدێکی بۆ باشتربوونی پەیوەنديی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵی گەڕاندەوە، هەرچەندە هێشتا لیستێکی درێژی کێشە و ناکۆکییە هەڵپەسێردراو و چارەسەرنەکراوەکان ماوە.

هیوادارم پەسەندکردنی یاسای بودجە، یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی دڵنیایی زیاتر بە ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان ببەخشێت.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2021/3/31

H.B