عێراق یەكێكە لە گەندەڵترین وڵاتانی جیھان

لە ماوەی 13 ساڵی رابردوودا گەندەڵی زیانی 425 ملیار دۆلاری لە عێراق داوە.
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/0c40a2ac-2128-4900-9523-4c17a027e4be/iraq%20gandali.ism/manifest

K24 – هه‌ولێر:

لە ماوەی 13 ساڵی رابردوودا گەندەڵی زیانی 425 ملیار دۆلاری لە عێراق داوە.

به‌ گوێره‌ی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان عێراق بە یەكێك لە گەندەڵترین وڵاتانی جیھان دادەنرێت لە رووی گەندەڵییەوە، ئەمە لە كاتێكدا بەرپرسانی عێراق بەردەوام دان بەوەدا دەنێت كە گەندەڵی ھەموو سێكتەرەكانی حوكمڕانی لە وڵاتدا گرتووەتەوە و بەو ھۆیەشەوە بە سەدان ملیار دۆلار زیانی لە بودجەی عێراق داوە.

بەھەدەردانی  پارە لە عێراق دا بە جۆرێك بووە كە ھەموو سێكتەرەكانی حكوومەتی گرتووەتەوە.

لە دامەزراوەی سەربازی دا سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق نووری مالیكی 149 ملیار دۆلاری خەرج كردووە بەمەبەستی كڕینی چەك و پێداویستی بۆ سووپای عێراق بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەشێكی زۆر لە خاكی عێراق كەوتە ژێر دەستی داعش.

دەوترێ جگە لەگەندەڵی و بەفیڕۆدانی پارە بەشێكی زۆر لەو چەكانەی سووپای عێراق چەكی كۆن و ماوەبەسەرچوو بوون.

ئەمە جگە لەوەی حكووومەتی عێراق دانی بەوەدا ناوە كە نزیكەی 50 ھەزار سەربازی بندیواری ھەیە.

كەرتی وزە بەشێكی دیكەی گەندەڵییەكانە چونكە لە ماوەی 13 ساڵی رابردوودا بڕی 30 ملیار دۆلار بۆ چاككردنی كەرتی كارەبا خەرج كراوە و تا ئێستاش لە عێراقدا ھاووڵاتیان كێشەی كەمی كارەبایان ھەیە.

گەندەڵی كەرتی تەندرووستی و پەروەردەشی گرتووەتەوە بەجۆرێك لەو دوو كەرتەدا نزیكەی 80  ملیار دۆلار بەفیڕۆ دراوە و بەھۆیەوە عێراق بووەتە خاوەنی یەكێك لە خراپترین سیستەمەكان لەو دوو بوارەدا.

ئەمە جگە لەوەی لە ھەندێك كەرتی دیكەشدا وەك كەرتی نیشتەجێكردن گەندەڵی ئاشكرا دەبیندرێ  لە چونكە لە عێراقدا بە دەیان پرۆژەی نیشتەجێكردن ھەیە كە پارەیان بۆ تەرخانكراوە و لە راستیشدا بوونیان نییە.

بەرپرسانی حكوومی لە عێراق دان بەوەدا دەنێن كە گەندەڵی بەجۆرێك تەشەنەی سەندووە كە لەھەندێك بواردا گەیشتۆتە ئاستێكی پێوانەیی و شكاندنی ریكۆرد, بۆ نموونە عێراق خاوەنی زۆرترین شوێنەواری تاڵانكراوە و تا ئێستاش نەتوانراوە زۆربەی بگەڕێندرێتەوە.

ھەروەھا زۆرترین بەرتیل لە پیشەسازی نەوتدا لە كەرتی نەوتی عێراقدا دراوە  ئەمە جگە لەوەی بە ھەزاران كارگە لە عێراقدا لەكاركەوتوون و لەكەرتی كشتوكاڵیشدا عێراق لە وڵاتێكی بەرھەمھێنەوە بووەتە وڵاتێكی بەرخۆر.

ئەمە جگە لەوەی ھەندێك لایەنە سیاسییەكان باس لەوە دەكەن كە ئەوان پۆستی وەزیریان بە ملیۆنان دۆلار فرۆشتووە.

 ئەم گەندەڵیانە ھەمووی بە پاڵپشتی وڵاتانی ھەرێمی میلیشیا چەكداریەكان ئەنجامدراوه‌.

 مالیكی ماوەی 8 ساڵ حوكمی عێراقی كرد و دواجار بەھۆی گەندەڵی و خراپی حوكمڕانییەوە رێگە نەدرا بەردەوام بێت و بۆ جاری سێیەم ببێتەوە سەرۆك وەزیران.

مالیكی رۆیشت و عەبادی ھات و دۆخی عێراقیش لە جاران خراپترە و بەو ھۆیەشەوە،  بەھەزاران ھاوڵاتی خۆپیشاندان و ناڕەزایی ئەنجام دەدەن.

بەڵام ئاخۆ حوكمڕانی عەبادی تا چەند بەردەوام دەبێت ئایا ئەم خۆپیشاندانە گەندەڵی كۆتایی پێدەھێنێت، لە داھاتوودا وەڵامی ئەم پرسیارانە لەلایەن گەلی عێراقەوە دەدرێتەوە.