رۆژی وه‌رزشی كوردستان دواخرا

یاری دۆستانه‌ی نێوان هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان و عێراق له‌ رۆژی وه‌رزشی كوردستان 20/4/2021
یاری دۆستانه‌ی نێوان هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان و عێراق له‌ رۆژی وه‌رزشی كوردستان 20/4/2021

بەهۆی مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا رۆژی وه‌رزشی كوردستان بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، 4 نیسانی 2021، رێکخراوی کوردستان سپۆرتس دەی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایانگه‌یاند كه‌ به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا و رێکارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە بڕیاریاندا رۆژی وه‌رزشی كوردستانیان بۆ دوای جه‌ژنی ره‌مه‌زان دوابخه‌ن.

رێكخراوه‌كه‌ له‌ به‌یاننامه‌كه‌یاندا نووسیویانه‌: گەرچی تەواوی ئاماده‌كاریمان بۆ رۆژی وه‌رزشی كوردستان كرد بوو، بڕیار بوو زیاتر لە 20 چالاکی لە رۆژی 10/04/2021 به‌ سپۆنسه‌ری میدیایی كوردستان24 ساز بكرێت، بەڵام تەندروستی هەموو لایەک لە هەموو شتێک گرنگترە و کۆتایی مانگی داهاتوو هەموو لایەک بەیەکەوە وەرزش دەکەین.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌ی رێكخراوی كوردستان سپۆرتس ده‌ی، ئاماژه‌یان‌ بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ دەستنیشانکردنی رۆژی وەرزشی کوردستان پرۆسەیەکی درێژە و تاکو ئئێستا بەفەرمی هیچ رۆژێک له‌ كوردستان دیاریی نەکراوە.

رێكخراوه‌كه‌ ده‌شڵێت: لە هەوڵداین لە ساڵانی داهاتوو حکوومەت و پەرلەمان ئه‌م رۆژە یەکلا بکەنەوە، بۆیە هیچ رۆژێک دیاریی نەکراوە و لەم قۆناخەدا گرنگ ئه‌وه‌یه‌ لە رۆژێکدا هەموومان بەیەکەوە وەرزش بکەین تاکو جوانی پڕۆژەکە پیشانی هەموو لایەک بدرێت.

رێكخراوی Kurdistan Sports Day رۆژی 20/4/2019 له‌ مێژووی كوردستان و عێراقدا زنجیره‌یه‌ك چالاكی وه‌رزشییان له‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ساز كرد، له‌ گرینگترین چالاكیشدا بۆ یه‌كه‌مجار له‌ مێژوودا له‌ یارییه‌كی تۆپی پێی دۆستانه‌دا له‌ یاریگه‌ی فه‌ره‌نسۆ هه‌ریری ئه‌فسانه‌كانی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان و عێراق به‌یه‌ك گه‌یشتن.

قه‌ته‌ر یه‌كه‌م وڵات بوو له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه‌ رۆژی وه‌رزشی تایبه‌ت به‌ وڵاته‌كه‌ی ده‌ستنیشان كرد، له‌ ساڵی 2012ـه‌وه‌ زۆرترین چالاكی وه‌رزشیی له‌و وڵاته‌ ئه‌نجام ده‌درێت، جگه‌ له‌ قه‌ته‌ر چه‌ندان وڵاتی دیكه‌ هاوشێوه‌ی قه‌ته‌ر رۆژێكیان دیاریكردووه‌ بۆ رۆژی نیشتیمانی وه‌رزش.

رۆژی وه‌رزشی كوردستان به‌سپۆنسه‌ری میدیایی كوردستان24 به‌ڕێوه‌ده‌چێت
رۆژی وه‌رزشی كوردستان به‌سپۆنسه‌ری میدیایی كوردستان24 به‌ڕێوه‌ده‌چێت