مەسرور بارزانی: کاک ڕەمزی شەعبان نموونەی ڕاستگۆیی و نیشتمانپەروەری بوو

پەیامی سەرەخۆشی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆچی دوایی ڕەمزی شەعبان
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان - كۆچكردوو رەمزی شەعبان
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان - كۆچكردوو رەمزی شەعبان

K24 - هەولێر:

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی سەرەخۆشی بۆ كۆچی دوایی رەمزی شەعبان، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاوكردەوە.

لە پەیامەكەیدا، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، کۆچی دوایی کاک ڕەمزی شەعبان ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و بەرپرسی  مەکتەبی بەڕێوەبردن و دارایی پارتی دیموکراتی کوردستان، "لە ناخەوە خەمباری کردم".

لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەی سەرۆكی حكومەتدا هاتووە: "کاک ڕەمزی کەسایەتییەکی تێکۆشەر و نیشتمانپەرەوەر بوو، لە قۆناغە جیاجیاکانی شۆڕش و ئەرک و بەرپرسیاریەتییەكانی لە ناو پارتیدا ، نموونەی ڕاستگۆیی و نیشتمانپەروەری بوو".

ره‌مزی شه‌عبان، ئەندامی یەدەگی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی دارایی پارتی، به‌هۆی تووشبوونی به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا و تێكچوونی باری ته‌ندرووستی، له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ئه‌نقه‌ره‌ كۆچی دوایی كرد.

ره‌مزی خه‌لیل شه‌عبان، ناسراو بە "ره‌مزی شه‌عبان"، له‌ (23ی تشرینی دووه‌می 1942) له‌ ناحیەی بلێی دەڤەری بارزان لە دایکبووە، ساڵی (1972) بەشی ئەندازیاری میکانیکی لە زانکۆی "پراگ" لە چیک تەواو کردووە و هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە.

دەقی پەیامەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان:

"کۆچی دوایی کاک ڕەمزی شەعبان ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و بەرپرسی  مەکتەبی بەڕێوەبردن و دارایی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ناخەوە خەمباری کردم. کاک ڕەمزی کەسایەتییەکی تێکۆشەر و نیشتمانپەرەوەر بوو، لە قۆناغە جیاجیاکانی شۆڕش و ئەرک و بەرپرسیاریەتییەكانی لە ناو پارتیدا ، نموونەی ڕاستگۆیی و نیشتمانپەروەری بوو. بنەماڵەکەشی ڕۆڵێکی دیاریان لە شۆڕشەکانی کوردستان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا هەبوو. پرسە و سەرەخۆشی لە سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی و  ئەندامان  ولایەنگرانی پارتی و بنەماڵە تێکۆشەرەکەی دەکەم .خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و ئارامییش بە هەموومان ببەخشێت.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان"