چەند دیمەنێکی رەشەکوژیی داعش لە مۆزەمبیق بڵاودەکرێتەوە

دەیان تەرم بە سەربڕاویی لەسەر شەقامەکان کەوتوون

K24- هەولێر:

چەند دیمەنێکی کوشتن و سەربڕینی هاووڵاتیانی ناوچەیەکی مۆزەمبیق لە لایەن داعشەوە بڵاودەکرێتەوە.

24ـی ئاداری ئەمساڵ، چەکدارانی سەر بە 'گروپی شەباب' کە لقێکی سەر بە داعشن، هێرشیانکردە سەر شارۆچکەی پالما لە مۆزەمبیق.

سکای نیوز ڤیدیۆییەکی بڵاوکردووەتەوە کە تاوانەکانی ئەو گروپە نیشان دەدات. بەگوێرەی هەواڵێکی سکای نیوز، نزیکەی 100 چەکدار چوونەتە ئەو شارۆچکەیە کە ناوچەیەکی گرنگی پیشەسازیی و بازرگانی نەوتە.

سوپای مۆزەمبیق نەیتوانی کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکات و هەندێکیان هەڵاتوون، تەنها چەند هێلیکۆپتەرێک، چەند هاووڵاتییەکیان رزگار کردووە و رۆیشتوون.

بەگوێرەی گێڕانەوەی چەند شایەدحاڵێک کە بۆ ئاژانسی رۆیتەرز قسەیانکردووە، چەکدارەکان هەر کەسێکیان بینیووە کوشتوویانە.

تاوەکو ئێستا حکومەتی ئەو وڵاتە، ئاماری کوژراوانی رانەگەیاندووە، بەڵام میدیاکان باس لە کوژرانی 50 بۆ 60 کەس دەکەن. بەهۆی رووداوەکەش 10 هەزار کەس ئاوارە بوون.

تەنانەت هەندێک لە هاووڵاتیان لە کاتی هەڵاتن بە ناو زۆنگاوەکان، لە لایەن تیمساحی ناوچەکە خوراون و هەندێکێشیان خنکاون.

چالاکی ئەو گروپە لە دوای ئەوە دێت، سوپای مۆزەمبیق سەرکەوتنی بەسەردا راگەیاندبوون.