كام سیاسی، ئه‌مه‌ریكا له چه‌ك داده‌ماڵێت؟
K24 - مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا
له ویلایه‌تی كالیفۆرنیا، كچێكی ته‌مه‌ن (نۆ) ساڵ، یه‌كێك بوو له‌و 4 قوربانییه‌ی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو 31ی ئادار (مارسی 2021) له‌نێو نووسینگه‌یه‌كی فرۆشتنی خانووبه‌ره‌دا به فیشه‌ك كوژرا.
ئه‌م رووداوه‌ش هه‌ر چه‌ند رۆژێك دوای ئه‌و رووداوه دڵته‌زێنه‌ی ئێواره‌ی 22ی ئادار (مارسی 2021) ی بازاڕی شاری بۆڵدێر-ی ویلایه‌تی كۆلۆرادۆ دێت، كه گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 21 ساڵ، له‌نێو بازاڕه‌كه 10 كه‌سی كوشت، یه‌كێك له كوژراوه‌كان ئه‌فسه‌ری پۆلیس بوو.
ئه‌مه ده‌بێته سێیه‌مین رووداو له‌ماوه‌ی 20 رۆژدا، چونكه رۆژی 16ی ئادار-یش له شاری ئه‌تله‌نتا-ی ویلایه‌تی جۆرجیا له سێ شوێنی جیادا، هێرش كرایه سه‌ر سێ سه‌نته‌ری مه‌ساج و 8 كه‌س بوونه قوربانی.
نیوكۆلاس كریستۆڤ ستووننوس، له رۆژنامه‌ی زه نیویۆرك تایمز له ژماره‌ی رۆژی 4ی نیسان (ئه‌پره‌لی 2021) له وتارێكدا له ژێر ناوی (چۆن خۆمان راگرین به‌رامبه‌ر ئه‌و كاروانی مه‌رگه‌ی به‌هۆی چه‌كه‌وه رووبه‌ڕوومان بۆته‌وه)، نووسیویه‌تی: "یه‌كه‌م هه‌نگاو پێویسته سه‌رۆك بایدن به‌په‌له بیدات داماڵینی چه‌كه".
به‌پێی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی ده‌یلی نیوز ژماره‌ی ئه‌و ئه‌مه‌ریكییانه‌ی به‌هۆی چه‌كه‌وه له ساڵی 1975ه‌وه گیانیان له‌ده‌ستداوه (كه خۆكوشتن و كوشتن و رووداوی جه‌رگبڕیشی تێدایه) ملیۆنێك و 500 هه‌زار كه‌سه و زیاتره، به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ی به درێژای ئه‌و ماوه‌یه له جه‌نگه‌كاندا گیانیان له‌ده‌ستداوه كه 1ملیۆن و 400 هه‌زار كه‌سه.
هیچ كه‌س ده‌ربازی نه‌بووه له‌م مێرده‌زمه‌یه. له ساڵێكی ئاسایدا له منداڵێكی شیره‌خۆره‌وه تا 4ساڵ فیشه‌ك بووەته میوانی و تێكڕا 80 منداڵ كوژراوه، له‌كاتێكدا ژماره‌ی ئه‌و ئه‌فسه‌ره پۆلیسانه‌ی كوژراون گه‌یشتووەته 50.
چاله‌نجی سه‌ره‌كی بۆ سیاسه‌تێكی چالاك له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ئه‌وه‌یه، كه رووبه‌ڕووی ئه‌و ژماره چه‌كه ببێته‌وه كه 400 ملیۆن چه‌كه به‌رامبه‌ر 330 ملیۆن كه‌س.
ئه‌مه‌ریكا 4%ی ژماره‌ی دانیشتوانی جیهان پێكدێنێت، به‌ڵام 40%ی چه‌ك له ده‌ستی خه‌ڵكدایه.
ئینیستیوتی به‌رگریكردن كه باره‌گای سه‌ره‌كی له كالیفۆرنیا و تێكساسه، له دوای روداوه‌كه‌ی ویلایه‌تی كۆلۆرادۆ، له‌سه‌ر وێبساتی خۆی پرۆپه‌زه‌لێكی ئاماده‌كردووه و نووسیویه‌تی: "هه‌وڵه‌كانمان ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕ بۆ رێگری زیاتر له رووداوی كاره‌ساتاوی كه ده‌وڵه‌تێك تا ئێستا توینووی توندوتیژییه به‌چه‌ك".
ده‌شڵێت: "ساڵانه 30 هه‌زار كه‌س ئه‌بنه قوربانی به‌هۆی توندوتیژی له‌رێگه‌ی چه‌ك و ته‌قەمه‌نییه‌وه".
ئه‌وان داوای سه‌لامه‌تی چه‌ك ده‌كه‌ن، بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ترس له رێگه‌ی په‌سه‌ندكردنی یاساكانی سه‌لامه‌تی چه‌ك و سنووردانان بۆ به‌ده‌ستگه‌یشتنی چه‌ك، به‌تایبه‌تی گه‌نجان و ئه‌وانه‌ی ترس دروستده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها چاودێری توندی فرۆشتنی چه‌ك و عه‌مباركردنی. به‌شداریكردنی چه‌كفرۆشان.
ئینیستیوتی به‌رگریكردن، چیرۆكی (ئیریكا ماهۆنی) هێناوه‌ته‌وه كه كچی (كیڤن ماهۆنی 62 ساڵ) یه‌كێكه له قوربانیانی رووداوه‌كه‌ی كۆلۆرادۆ.
ئێریكا له پۆستێكدا له تویته‌ر بۆ باوكی نووسیوه: "هه‌ست به‌خه‌مبارییه‌كی قوڵ ده‌كه‌م كاتێك راگه‌یه‌نرا، باوكم ، كیڤن (قاره‌مانی ماڵه‌كه) له‌رووداوی (King Soopes) له‌شاری بۆڵدێر-ی ویلایه‌تی كۆلۆرادۆ، گیانی له‌ده‌ستدا، كه شوێنی نیشته‌جێبوونی سه‌ره‌كی بوو".
ده‌شڵێت: "باوكم نوێنه‌ری هه‌موو خۆشه‌ویستییه‌ك بوو، من هه‌رگیز بیرم ناچێت كاتێك هاوینی پار له‌كاتی بوكێنی-دا قۆڵی گرتم و بردمی بۆ لای خۆشه‌ویسته‌كه‌م".
له ئه‌مه‌ریكا قسه‌یه‌ك له‌نێو ئه‌مه‌ریكییه‌كان باوه: "كه ئه‌وروپییه‌ك ده‌ماخی گه‌رم بوو و توڕه‌بوو، بۆكسێك ئه‌هاوێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكییه‌ك ده‌مانچه‌یه‌ك راده‌كێشێت".
ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر به‌پێی راپۆرتێكی زه واشنتن پۆست، شوفێرێك له‌سه‌ر رێگای خێرا له ویلایه‌تی نۆرس كارۆلاینا ئۆتۆمبێلێكی داوه‌ته به‌ر فیشه‌ك كه بووەته هۆی كوشتنی ژنێك كه خاوه‌نی 6 منداڵ بوو.
هه‌موو هاواریانه له‌ده‌ستی چه‌ك، كه‌چی زۆربه‌شیان چه‌ك-یان هه‌یه. نیكۆلاس كریستۆڤ، دەڵێ: "كاتێك ئه‌م وتاره ئه‌نووسم له كێڵگه‌كه‌ی خێزانه‌كه‌مدا دانیشتووم له ویلایه‌تی ئۆریگۆن كه له‌گه‌ڵ چه‌ك-دا گه‌وره بووین، له‌ناو گه‌نجینه‌ی ماڵه‌كه‌مدا 22 چه‌كی تێدایه كه زۆریان بۆ راوكردنن".
هه‌رچه‌نده ده‌گمه‌نه چه‌كی راوكردن بۆ تاوان به‌كاربێت، چونكه له‌م ساڵانه‌ی دوایی له ئه‌مه‌ریكا چه‌كی گرنگ و ده‌گمه‌ن هاتووەته ئاراوه له جۆری AR-15 و AK-47 و ده‌مانچه‌ی كلۆك 17 كه تایبه‌ت بۆ كوشتنی مرۆڤ دروستكراوه.
مایكل ئار فایسه‌ر، خاوه‌نی دوكانی فرۆشتنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه، رایگەیاندووە: "چه‌كی هێرشكردن بریتییه له‌و چه‌كه ده‌گمه‌نانه‌ی كه خه‌ڵك ده‌یه‌وێت زۆرترین كه‌س بكوژێت".
به‌پێی راپۆرتێكی سی ئێن ئێن له ساڵی 2012، 10 رووداوی جه‌رگبڕی كوشتنی به‌كۆمه‌ڵ روویانداوه كه بووه‌ته هۆی كوشتنی 30 كه‌س زیاتر كه دوای لێكۆڵینه‌وه ده‌ركه‌وتووه به چه‌كی AR -AK بووه كه ئه‌مه‌ریكییه‌كان به چه‌كی شه‌به‌ح ناوی ده‌به‌ن.
ئه‌وه‌ی ئێستا تێبینی ده‌كرێت، هیچ پرۆژه یاساییه‌كی نوێ له‌سه‌ر سه‌لامه‌تی گیانی هاووڵاتییان و كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ڵگرتنی چه‌ك له‌لایه‌ن كۆنگرێسه‌وه له ئارادا نییه.
به‌ڵام جۆو بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا دە‌توانێت رێوشوێنێكی جێبەجێكردن بگرێته‌به‌ر بۆ رێگری له كڕین و فرۆشتنی چه‌كی شه‌به‌ح.
ئاژانسی جێبه‌جێكردنی یاسا له‌ساڵی 2019 ده‌ستی گرتووه به‌سه‌ر 10 هه‌زار چه‌ك له كالیفۆرنیا كه ئه‌مه‌ش 30% ئه‌و چه‌كانه‌یه كه به دزییه‌وه فرۆشراون.