ناتانیاھۆ: نابێت بگەڕێینەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی له‌گه‌ڵ ئێران

"ئیسرائیل بە ئەمەریكای راگەیاندووە، كە خۆی لە پشت ھێرشەكەی سەر كەشتی ئێران بووە لە دەریای سوور"
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتنیاھۆ
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتنیاھۆ

K24 – ھەولێر:

سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاھۆ ھۆشداری دا لە مەترسی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی واژووكراو لە نێوان ئێران و دەوڵەتە زلھێزەكان لە ساڵی 2015، راشیگەیاند، ئیسرائیل بەرگری لە خۆی دەكات لە ھەر ھەڕەشەیەك لە لایەن ئێرانەوە بكرێته‌ سه‌ر وڵاته‌كه‌ی.

دوێنێ سێشەممە لە میانی كۆبوونەوەی لەگەڵ فراكسیۆنی "لێكۆد"ی حزبەكەی خۆی لە كنێست ناتانیاھۆ گوتی: "مەترسی گەڕانەوەی ئێران ئەم جارە بە خواستی نێودەوڵەتی بۆ سەر رێگا، دەرفەتی پێدەدات جبەخانەی ئەتۆمی خۆی پێشبخات، بە تایبەتی كە لەم رۆژەدا گەیشتووە بەردەرگامان".

سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل باسی پلانێكی گشتگیری ھاوبەشی كرد، كە لە سەری رێككەوتوون لە ساڵی 2015 سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران و گوتی: "بۆ ئێمە نابێت بگەڕێنەوە سەر ئەو پلانە ئەتۆمییە مەترسیدارە، چونكە ئێرانی ئەتۆمی مەترسییەكی ھەبوونیی گەورەی لە سەر ئاسایشی گشت جیھان درووست دەكات".

گوتیشی: "دەبێت ئێمە جوڵە بكەین دژ بە رژێمی رەگەزپەرستی لە ئێران، كە بەڕوونی ھەڕەشەی سڕینەوەمان لەسەر رووی زەوی دەكات.. ئێمە بەردەوام دەزانین چۆن بەرگری لە خۆمان بكەین لەوانەی ھەوڵی كوشتنمان دەدەن".

ئەم لێداوانانە لە كاتێكدایە، كەشتی "سافیز"ی ئێرانی لە دەریای سوور دووچاری ھێرش بوویەوە و رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكایی دوێنێ رایگەیاند، ئیسرائیل بە ئەمەریكای راگەیاندووە، كە خۆی لە پشت ئەنجامدانی ئەو ھێرشە بووە".