بە نوێنەرایەتی سەرۆکی حکومەت پارێزگاری هەولێر سەردانی ئەو کارمەندەی شارەوانی کرد کە ئەمڕۆ هێرشی کرایە سەر
K24- ههولێر:
ئەمشەو 2021.4.10، بە نوێنەرایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەیاوەری کوێستان ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەبات و بەڕێوەبەری ئاسایشی خەبات، لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژهەڵات سەردانی (ئازاد کانەبی قوربانی)، ئەو کارمەندەی شارەوانی کرد، کە ئەمڕۆ لەکاتی رێگریکردن لە ئەنجامدانی سەرپێچی لە قەزای خەبات لەلایەن چەند کەسێکی سەرپێچیکارەوە هێرشی کرایە سەر و بەسەختی برینداریانکرد.
پارێزگاری هەولێر لەسەردانەکەیدا، وێڕای گەیاندنی سڵاو و پەیامی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دۆخی تەندروستیی ئەو کارمەندەی شارەوانی پرسی و هیوای شیفا و زوو چاكبوونهوه و گهڕانهوهی بۆ سەر کارەکەی بۆ خواست.
پارێزگاری هەولێر ئامادەیی هەموو هاوکاری و ئاسانکارییەکی بۆ چارەسەرکردنی نیشاندا و دڵنییای کردەوە، (4) تاوانباری سەرەکی ئەوانەی هێرشیانکردۆتە سەری دەستگیرکراون و دراونەتە دەست یاسا و لەڕێگەی دادگا سزای ئەو تاوانەیان وەردەگرن، کە بەرامبەر بە کارمەندێکی حکومەت لەکاتی ئەرکی فەرمیدا ئەنجامیانداوە.
جهختیشی كردهوه، هەموو ئەوانەی لەکاتی ئەو رووداوە کەمتەرخەم بوونە رێکاری یاسایی بهرامبهریان دەگێرێتەبەر.
H.B