DNO بەرھەمھێنان لە ھەرێمی كوردستان زیاد دەكات
K24 - ھەولێر
کۆمپانیای DNOـی نەوت و گازی نەرویجی رایگەیاند، 54 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە، کە 32 ملیۆن و200 هەزار دۆلار شایستەی کۆمپانیاکە بووە بۆ مانگی شوباتی ئەمساڵ، ئەمەش بەرامبەر کارکردنیان بووە بۆ هەناردەکردنی نەوتی لە بلۆکی تاوکێ لە هەرێمی کوردستان.
کۆمپانیای DNO لە مۆڵەتی تاوکێ کاردەکات و خاوەنداری 75%ـی مۆڵەتەکە دەکات، کە هەردوو کێڵگەی تاوکێ و پیشابوور لە خۆدەگرێت، بەشەکەی دیکەش لە لایەن کۆمپانیای Genel Energy plc خاوەنداری دەکرێت.
لەگەڵ بەردەوامی وەرگرتنی شایستەکان، هەردوو کۆمپانیاکە کارەکانیان چڕکردووەتەوە، ئەمساڵ دەستیان بە هەڵکەندنی بیری نوێ و نۆژەنکردنەوەی بیرەکانی دیکە کردووە.
هەروەها ئاستی بەرهەمهێنانیان بەرزکردووەتەوە کە بەم شێوەیەیە، لە 2020 بەرهەمهێنان 110،300 بەرمیلی رۆژانە بووە، لە مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بۆ 110،900 بەرمیلی رۆژانە بەرزکراوەتەوە، لە مانگی شوبات بەرهەمهێنان گەیشتووەتە 112،000 بەرمیلی رۆژانە و لە مانگی ئادار بەرهەمهێنان 113،100 بەرمیلی رۆژانە بووە، ئێستا بۆ مانگی نیسان ئاستی بەرهەمهێنان بۆ 115،500 بەرمیلی رۆژانە بەرزکراوەتەوە.