تانە لە یاسای بودجە دەدرێت

"تانەکان جێبەجێکردنی یاسای بودجە پەك ناخات"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

مستەفا کازمی و دەوڵەتی یاسا تانە لە یاسای بودجەی عێراق دەدەن و پەرلەمانتارێکی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراقیش پێی وایە، ئەو تانەیە نابێتە رێگر لە جێبەجێکردنی یاسای بودجە، بەڵکو تەنھا ئەو ماددانە رادەگیرێن کە تانەیان لێدراوە دوای بریاری دادگای فیدراڵیش یەکلادەبێتەوە.

جگە لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەوڵەتی یاساش تانەی لە چەند ماددەیەکی یاسای بودجە داوە، وەک دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، فەرمانبەرانی گرێبەست و  چەند ماددەیەکی دیکەی تایبەت بە شەهیدان و پلەی وەزیفی بۆ پارێزگای بەسرە، بەپێی دەستوور ئەو تانانە نابنە ھۆی وەستانی جێبەجێکردنی یاساکە، بەڵکو تەنھا ئەو ماددانە رادەگیرێن کە تانەیان لێدراوە دوای بریاری دادگای فیدراڵیش یەکلا دەبێتەوە،  کە ئایا ئەنجامی تانەکان پێوستی بە دووبارە کۆبوونەوەی پەرلەمان دەبێت یان نا.

یاسای بودجە دەربازی نابێت لە ململانێ سیاسییەکانی نێو ماڵی شیعە و بانگەشەی ھەڵبژاردن ھەردوو ھۆکارەکەش وایکردوە نزیکەی 5 مانگە عێراق بەبێ یاسای بودجە کاربکات، پسپۆرێکی ئابووری ئاماژە بەوەدەدات "ئەم تانانە بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن و بەردەوامیدانە بە گەندەڵی".