چیرۆکی ئەو پیاوەی وەکو ''پۆست'' گەشتی کرد

پارەی تیکتی پێنەبووە، بۆیە خۆی کردە ناو سندوقێک
بریان رۆبنسن و سندوقەکەی
بریان رۆبنسن و سندوقەکەی

K24- هەولێر:

لە وێڵزەوە وەکو پەنابەر چووە ئوستراڵیا، بەڵام بریان رۆبنسن، زوو درکی بە هەڵەکەی کرد و پەشیمان بووەوە، بەڵام زۆر درەنگ بوو بۆ ئەوە، چونکە هیچ بڕە پارەیەکی پێنەمابوو تاوەکو بیداتەوە ئەو کۆمپانیایەی لە رێگایەوە هاتبووە ئوستراڵیا.

دوای بێ هیوابوونی لە تەواوی رێگا فەرمییەکان بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەی، رۆبنسن بڕیاریدا خۆی بخاتە ناو سندوقێکی بچووکەوە و بچێتە بەشی کارگۆی فڕۆکەیەک.

دوو هاوڕێی بە ناوەکانی جۆن و پاول، هاوکاریان کرد تاوەکو پلانەکەی ''بەسەرکەوتوویی'' کۆتایی بێت. 50 ساڵ لەمەوبەر جۆن و پاول رۆبنسنیان لەناو سندوقێک کرد و لێیان پرسی:

- حاڵت باشە؟

+ بەڵێ.

- بڕۆ، هیوای بەختێکی باش.

+ زۆر سوپاستان دەکەم، زۆر حەز دەکەم جارێکی دیکە بتانبینمەوە.

رۆبنسن پێش گەشتەکەی، داوای پێشکەشی کارێک لە وێستگەی شەمەندەفەری ڤیکتۆریان کردبوو، دوای ئەوەی وەرگیرا، بڕیاریدا ئەو گەشتە دووروو درێژە بکات.

هەر لەگەڵ گەیشتنی، بینی ئەو شوێنە بەکۆمەڵەی بۆی دابینکرابوو تاوەکو لێی بمێنێتەوە، ئەوەندەی لانەی مشک و جرج بوو، بە شوێنی ژیانی مرۆڤی نەدەکرد.

دوای شەش مانگ، واز لە کار و شوێنی مانەوەکەی دەهێنێت. بۆ ئەوە بگەڕێتەوە، دەبوو پارەی گەشتی چوونی بۆ ئوستراڵیا بداتەوە کۆمپانیاکە و تیکتی گەڕانەوەش بکڕێت، لەو کاتە  (ساڵی 1965) پارەکەی دەیکردە نزیکەی هەزار دۆلار. 

رۆبنسن هەفتانە تەنها 40 دۆلاری هەبوو، ئەویش لە ژیانی رۆژانەی خەرجی دەکرد، بۆیە ئەستەم بوو بۆی، بڕی هەزار دۆلار کۆبکاتەوە.

رۆژێک لەگەڵ هەردوو هاوڕێکەی پیاسە دەکەن و لەسەر شەقامێک دوکانێک دەبینن لێی نووسراوە: ''ئێمە دەتوانینن هەموو شتێک ببەینە هەموو شوێنێک''.

دوکانەکە نووسینگەی کۆمپانیای پیکفۆردس بووە، کە کۆمپانیایەکەی بەریتانییە و کاری گواستنەوەی شتومەکی کردووە. رۆبنسن بە گاڵتەوە دەڵێت، ئەمانە دەتوانن منیش ببەنەوە؟، دواتر گاڵتەکەی دەبێتە راستی.

رۆژی دواتر، رۆبنسن دەچێت و زانیاری تەواو لەسەر قەبارە و کێش و نرخی پۆستەکان وەردەگرێت، دەگەڕێتەوە بۆلای هاوڕێکانی و دەڵێت، رێگایەکەم دۆزییەوە، من خۆم ''پۆست'' ئەکەم.

دوای سێ رۆژ پلاندانان، بڕیار دەدەن رۆبنسن بخەنە ناو سندوقێکی داریین و وەکو پۆست بیگەڕێننەوە بۆ کاردیف، شارەکەی خۆی.

قەبارەی سندوقەکە هێندەبوو کە جێگای جانتایەکی جلوبەرگ، بوتڵێک ئاو، بوتڵێکی بەتاڵ بۆ میزکردن و چەکوشێکی بچووک دەبووەوە. چەکوشەکە بۆ ئەوەبوو، کە گەیشتە لەندەن، سندوقەکە بشکێنێت و بچێتە دەرەوە.

گەشتەکە:

دوای ئەوەی هاوڕێکانی لە فڕۆکەخانەی مێلبۆرن رادەستی کارمەندانی دەکەن، گەشتەکە دەستپێدەکات، رۆبنسن بەمجۆرە دەیگێڕێتەوە:

دوای یەک کاتژمێر، ئینجا بیرم لەوە کردەوە کە ئۆکسجینی پێویستم نابێت. بەهۆی ئەوەی لە بەشی کارگۆ فڕۆکەکە بووم، ئۆکسجینم زۆر کەم بوو، تا دەهات قاچەکانم زیاتر دەهاتنەوە یەک. یەکەم گەشتم 90 خولەکی خەیاند، لە مێلبۆرنەوە بۆ سیدنی.

لە سیدنی هەمووشتێک خراپتر بوو، چونکە سندوقەکەیان هەڵگێڕایەوە، واتە سەرم بۆ خوارەوە بوو، 22 کاتژمێر بەوجۆرە بووم. شتێکی خراپتر روویدا، شوێنی گواستنەوەی شتوومەکەکان گۆڕدرا، بڕیاردرا بچنە لۆسئەنجلس لە ئەمەریکا؛ دواتر بچنەوە لەندەن. منیش بەبێ ئۆکسجین و خراپی دۆخم، هەندێکجار لە خۆدەچووم و بەهۆش دەهاتمەوە. خەوی زۆر ناخۆشم دەبینی و ئاگام لە خۆم نەمابوو.

فڕۆکەکە گەیشتە ئەمەریکا، بە حسابی خۆم لە لەندەنم. بیرۆکەکە وابوو تا شەو بوەستم و مۆمێکی بچووکم پێبوو، داگیرسێنم و دەستبکەم بە شکاندنی سندوقەکە. لەگەڵ هەڵکردنی مۆمەکە و هەوڵی شکاندنی سندوقەکە، دوو کارمەندی فڕۆکەخانە، هەستیان پێمکرد و لەگەڵ نزیکبوونەوە هاواریان کرد: ''تەرمێک لەناو ئەو سندوقە هەیە!''.

رۆبنسن لە لۆسئەنجلس، ماوەی شەش رۆژ لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە تاوەکو چاکدەبێتەوە. دەبێتە باسی گەرمی میدیاکان، لەگەڵ ئەوە بە نایاسایی چووەتە ئەمەریکا، بەڵام رەوشەکەی لەبارچاو دەگیرێت و رێکاری یاسایی بەرامبەر ناگرنەبەر.

ئەمەریکا لە رێگای هێڵی ئاسمانی پان ئام، دەینێرێتەوە لەندەن، لەوێش لە 18ـی پێنجی 1965، کامێرا و رۆژنامەنووس و هاووڵاتیی جیاواز پێشوازی لێدەکەن.

رۆبنسن دەڵێت، خێزانەکەم بە گەڕانەوەم دڵخۆش بوون، بەڵام لە شێوازی گەڕانەوەکەم زۆر نیگەران بوون.

کاتێک پرسیاری لێدەکەن ئایا دەیەوێت جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بۆ ئوستراڵیا، دەڵێت، ئەگەر پارەی هەردوو سەرم بۆ بدەن، تەنها دەڕۆمەوە بۆ ئەوەی سوپاسی دوو هاوڕێکەم بکەم، لەو کاتەوە هەرگیز هیچیان لەبارەوە نازانم، بەڕاستی هەست بە گوناه دەکەم، کە ئەو کارەم لەگەڵیان کرد.

CNN