ورده‌كاری نوێ له‌باره‌ی گفتوگۆ نهێنییه‌كانی ئێران و سعوودیه له به‌غدا ئاشكرا ده‌كرێت
K24- هه‌ولێر:
سه‌رچاوه‌یه‌كی عێراقیی ئاگادار ورده‌كاری نوێ له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه نهێنییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی نێوان به‌رپرسانی سعوودیه و ئێران له به‌غدای پایته‌ختی عێراق ئاشكرا ده‌كات.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه به "روسیا الیوم"ی راگه‌یاندووه، "رۆژانی سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نهێنیی له نێوان به‌رپرسانی ئه‌منی و دیپلۆماتكاریی ریاز و تاران له به‌غدا به‌ڕێوه‌چوون و دانوستانه‌كانی نێوان ئه‌و دوو وڵاته زۆر جددی بوون".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه زۆر به‌نهێنی به‌ڕێوه‌ده‌چوو و ئاماده‌كارییه‌كانی له‌لایه‌ن ته‌نیا نووسینگه‌ی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقه‌وه دوور له ده‌ستوه‌ردانی هه‌موو لایه‌نه‌كان كرابوون".
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه گوتیشی: "ده‌ستپێكی ئاماده‌كارییه‌كان زۆر جددی نه‌بوون و په‌یوه‌ندییان به گۆڕانكارییه‌كانی دۆخی ئێستاوه نه‌بوو، به‌ڵكو پرۆسه‌یه‌ك بوو بۆ ته‌واوكردنی نامه‌یه‌كی پێشتر، كه له‌لایه‌ن عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراقه‌وه له قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی پیشووی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانه‌وه گه‌یه‌ندرابوویه سعوودیه".
هه‌روه‌ها دووپاتیكرده‌وه، "ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كان ئه‌وكات و ئێستاش زۆر نهێنییه، به‌ڵام ده‌توانین بڵێین زۆریش جدییه و خواستێك له‌لایه‌ن هه‌ردوو وڵاته‌وه به هاوكاری عێراق بۆ كۆتاییهێنان به گرژییه‌كانیان له ناوچه‌كه هه‌یه، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به یه‌مه‌نه‌وه هه‌یه".
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه باسی بوونی هه‌ندێك زانیاریی كرد، له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نوێ كه له ماوه‌كانی داهاتوودا دووباره له به‌غدای پایته‌ختی عێراق له‌نێوان ئه‌و دوو وڵاته به‌ڕێوه‌بچێت.
له مانگی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2020، عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق هه‌واڵێكی نهێنی و گه‌وره‌ی له‌ناكاوی ئاشكرا كرد، كاتێك رایگه‌یاند، ئه‌و كاته‌ی قاسم سوله‌یمانی له هێرشێكی ئاسمانی ئه‌مه‌ریكادا له نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا كوژرا، هه‌ڵگری نامه‌یه‌كی نووسراو بوو بۆ سعوودیه.
ئه‌وكات عه‌بدولمه‌هدی جه‌ختی كرده‌وه، "ئه‌و نامه‌یه‌ی سوله‌یمانی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنابوویه به‌غدا، وه‌ڵامی لایه‌نی ئێرانیی بۆ نامه‌یه‌كی پیشووتری سعوودیه‌ی له‌خۆ گرتبوو، كه له‌ڕێگه‌ی به‌غداوه گه‌یه‌ندرابوویه تاران و تایبه‌ت بوو به هێوركردنه‌وه‌ی گرژییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات له ناوچه‌كه".
له 3ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2020، هه‌ریه‌ك له قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس، جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی عێراقی و ئێرانی له هێرشێكی ئاسمانیی ئه‌مه‌ریكادا له نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا كوژران.
سه‌رچاوه: روسیا الیوم
H.B