کۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن ناوی (97) هەزار مردووی سڕیووەتەوە

(13) ملیۆن ده‌نگده‌ر كارتی بایۆمه‌ترییان وه‌رنه‌گرتووه‌ته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق تەواوی ئامادەکارییەکانی بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەخته‌، کە بڕیارە لە (10ی ئۆکتۆبەر)ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، کۆتایی پێھێناوە، دوا مۆڵه‌تیش بۆ وەرگرتنی حزب و کاندید و ھاوپەیمانێتی درێژکردووەتەوە بۆ یەکی مانگی داهاتوو، لە کۆی (26) ملیۆن دەنگدەر لە عێراق زیاتر (13) ملیۆن دەنگدەر کارتی بایۆمەتری دەنگدانی نوێ کردووەتەوە، ھاوکات کۆمسیۆن (97) ھەزار ناوی مردووی لە تۆماری دەنگدەران سڕیوەتەوە، تاکو ئێستاش (478) کاندید ناوی خۆیان تۆمارکردووە.

ھەڵبژاردنی پێشوەخته‌ی عێراق نزیک دەبێتەوە، کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان و پارت و لایەنە سیاسییەکان زیاتر کەوتونەتە خۆیان و ئامادەکارییەکانیان دەستپێکردوە، بۆ تۆمارکردنی ناوی حزب و کاندید و تەنانەت ھاوپەیمانێتیەکانیش، دوا مۆڵەتی ئەو تۆمارکردنەش (1ی ئایار)ی ئەمساڵە، لە کۆی (261) حزب، (118) حزبیان بە نیازی بەشداریکردنن، (55) حزبی دیكه‌ش دەیانەوێت مۆڵەت وەبگرن و ناوی خۆیان تۆماربکەن، (32) ھاوپەیمانێتی لە ھەڵبژاردنی رابردوو دروستکرابوون، بۆ ئەم ھەڵبژاردنە تەنیا (12) ھاوپەیمانی دووبارە بە نیازی بەشداریکردنن.

ھەیمان تەحسین، به‌ڕێوه‌به‌ری فەرمانگەی کاروباری حزب و رێکخستنە سیاسیەکانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان گوتی: "دوو حزب زیاتر ده‌توانن هاوپه‌یمانییه‌تییه‌ك دروست بكه‌ن، ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌تییه‌ش بۆ هه‌ڵبژاردنه‌، تا (1ی ئایار) ده‌كرێت ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌تییه‌ دروست بكرێت، دوای ئه‌و واده‌یه‌ ناتوانرێت هیچ هاوپه‌یمانییه‌تییه‌ك دروست بكرێت".

(478) کاندید ناوی خۆیان تۆمارکردووە، (140) کاندیدیان لە رێگای حزبەکانیان بەشداری دەکەن، پێکھاتەی مەسیحی (7) کاندیدی ھەیە، کوردی فەیلی (9) کاندید، سابیئیەکان (8) کاندید، ئێزدییەکانیش (5) کاندید، بۆ چاودێریکردنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکەش عێراق داوای لە (75) وڵات کردووە چاودێری رۆژی ھەڵبژاردن بکەن، ئامادەشن پێشوازی لە (7) ھەزار چاودێری نێودەوڵەتی بکەن، رێگاش دەدەن رێکخراوە ناوخۆییەکان و کیانی حزبەکان (5) ھەزار چاودێریان ھەبێت.

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان گوتی: "ئەوەی پەیوەستە بە چاودێرە نێودەوڵەتەیەکان، لیژنەیەکمان دروستکردووە بە سەرۆکایەتی فەرمانگەی ھەڵبژاردن "دادوەر عەباس فەرحان"، ئەم لیژنەیە لە رێگای وەزارەتی دەرەوە په‌یوه‌ندی کردووە لەگەڵ باڵیۆزخانە و رێکخراوەکانی (75) وڵاتی عەرەبی و بیانی تا ئێستاش سەرۆکی کۆمسیۆن بەردەوام لەگەڵ بالیۆزی وڵاتانی دیکە کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی بەشداری لە پڕۆسەکە بکەن، ھەر ئەو لیژنەیە سەرقاڵی رێکخستنی داواکاری ئەو وڵاتانەیە کە دەیانەوێت چاودێری ھەڵبژاردنەکان بکەن".

لە کۆی (26) ملیۆن دەنگدەر، تەنیا (13) ملیۆن دەنگدەر کارتی بایۆمەتریان نوێ کردووەتەوە، ھاوکات کۆمسیۆن (97) ھەزار ناوی دەنگدەری مردووی سریووەتەوە، ھەر کاندیدێکیش بیەوێت ناوی خۆی تۆمار بکات، دەبێت کارتی تۆماری نوێی بایۆمەتری (500) دەنگدەر لە سنووری بازنەکەی خۆی کە دەنگی پێ دەدەن لەگەڵ خۆی پێشکەشی کۆمسیۆن بکات، ئەم ھەموو ئامادەکارییه‌ش بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەخته‌ی عێراقه‌، کە بریارە لە (10ی ئۆکتۆبەر)ی ئەمساڵ بەرێوەبچێت.

د.ی