رێكخه‌ری راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان وه‌ڵامی راپۆرتێكی هیومه‌ن رایتس وۆچ ده‌داته‌وه‌

دیندار زێباری: حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواو پابەندە بە حوکمی یاسا و پرۆسەی یاسایی دادپەروەرانە و بێلایەن، و ئازادی راگەیاندن کاری لەپێشینەیەتی
دیندار زیباری، رێكخه‌ری راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
دیندار زیباری، رێكخه‌ری راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24- هه‌ولێر:

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا دیندار زیباری، رێكخه‌ری راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی بڵاوكراوه‌یه‌كی رێكخراوی هیومه‌ن رایتس وۆچی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانی دایه‌وه‌ و دووپاتی كرده‌وه‌، حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواو پابەندە بە حوکمی یاسا و پرۆسەی یاسایی دادپەروەرانە و بێلایەن، و ئازادی راگەیاندن کاری لەپێشینەیەتی.

هه‌روه‌ها گوتی: دادگا سەربەخۆیە لە حکومەت و دامەزراوە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان. هەروەها، حکومەتی ھەرێم دەست لە پرۆسە یاساییەکان وەرنادات. هاوکات، دەستبەسەرکردن و دەستگیرکردن تەنیا بە بڕیاری دادگا جێبەجێدەکرێن.

دینداری زیباری ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا، رۆژی 22/4/2021، رێکخراوی هیومام رایتس وۆچ لە بڵاوکراوەیه‌کیدا لە بارەی چەند پرسێك کۆمەڵێك تۆمەتی ناڕەوای خستەڕوو.

هه‌روه‌ك راشیگه‌یاند، "دادگا سەربەخۆیە لە حکومەت و دامەزراوە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان. هەروەها، حکومەتی ھەرێم دەست لە پرۆسە یاساییەکان وەرنادات. هاوکات، دەستبەسەرکردن و دەستگیرکردن تەنیا بە بڕیاری دادگا جێبەجێ دەکرێن. ئەو راگیراوانە لە بادینان تاوانباربوون بە کۆکردنەوەی زانیاری نهێنی و پێدانیان بە لایەنی بیانی بە بەرامبەر، ئەو زانیاریانە راستەوخۆ ژیانی بەرپرسانی باڵای کورد و بیانی لە کوردستان دەخستە مەترسییەوه‌".

هه‌روه‌ها گوتی: "وەك تۆمەتبار، لەناو هۆڵی دادگا لە لایەن پارێزەرەکانی خۆیانەوە نوێنەرایەتیان کراوە. ئەوان چاویان بە پارێزەرکانیان کەوتووە لەکاتی راگرتنیاندا. گرنگە بزاندرێ کە بڕیاری دادگا پەیوەندی بە کاری رۆژنامەوانی تۆمەتبارانەوە نەبووە.  

وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، "دادگاییکردنەکان لەلایەن نوێنەرانی رێکخراوە نێودەوڵەتییە ناحکومییەکان و پەرلەمانی کوردستان و میدیاکانەوە چاودێری دەکران".

زێباری روونیکردەوە، "بڕیارەکانی دادگای تاوان قابیلی تانەلێدانن و ئێستا دادوەری دادگای تاوان پەڕاوەکانی رەوانەی دادگای تەمییز کردووە بۆ تێهەڵچوونەوە".  

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند، "کۆمیتەی نێوده‌وڵه‌تی خاچی سوور (ICRC) و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یونامی) دەستگەیشتنیان بە دەستبەسەرکراوەکان هەبووە".

دووپاتیشیكرده‌وه‌، "حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواو پابەندە بە حوکمی یاسا پرۆسەی یاسایی دادپەروەرانە و بێلایەن، و ئازادی راگەیاندن کاری لەپێشینەیەتی. حکومەت لەگەڵ یونامی و نوسینگەی کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ کاردەکات، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە کوردستان بەتەواوی پابەنده‌ بە پێوەرە نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ، بە تایبەتی لە بواری ئازادی میدیادا".

H.B