سووپه‌رلیگ زیانێكی دارایی گه‌وره‌ی له‌ یانه‌كان داوه‌

فلۆرێنتینیۆ پێرێز سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پڕۆژه‌ی سووپه‌رلیگ
فلۆرێنتینیۆ پێرێز سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پڕۆژه‌ی سووپه‌رلیگ

بەپێی رۆژنامەی دەیلی مه‌یلی بەریتانیا ئەو شەش یانەیەی سەرەتا بڕیاریاندا بۆ قازانجی دارایی بەشداری لە سووپەرلیگ بکەن بە پێچەوانەوە زیانێکی گەورەی داراییان بە تایبەت لە فرۆشتنی درێسەکانیان بەردەکەوێت، کە نرخی درێسەکانیان 93% دابەزیوە و نرخەکەی لە نزیکەی 30 پاوەند بۆ تەنیا 2 پاوەند دابەزیوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە یانەکانی پرێمەرلیگ داشکانی بەرێژەی 93% یان لە نرخی درێسەکانیان کردووە و ژمارەی ئەو درێسانەی ئێستاش بەردەستن دەگاتە ٧٠ هەزار درێسی یانەکانی مان سیتی، مان یونایتد، ئارسێنال، چێڵسی، تۆتێنهام و لیڤه‌رپوول.

دەیلی مەیل هێمای بۆ ئەوە کردووە تووڕەیی هاندەران وایکردووە کە یانەکانی پرێمەرلیگ زیانێکی گەورەیان بە تایبەت لەرووی فرۆشتنی درێسەوە بەربکەوێت، یانەکانیش بە ناچاری نرخەکانیان دابەزاندووە.

سەرچاوەکە ئاشکرای کردووە پیشتر بەهای درێسێکی یەکێک لەم یانانە دەگەیشتە نزیکەی ٣٠ پاوەند بەڵام ئێستا دوای شکسهێنانی پڕۆژەی سووپەرلیگ نرخەکەی بۆ تەنیا دوو پاوەند دابەزیوە.

هەفتەی رابردوو 12 یانەی ئەوروپا لە نێویاندا شەش یانەی ئینگلیزی پاڵەوانییەتیەکی نوێیان بە ناوی سووپەرلیگ راگەیاند، بەڵام کاردانەوەیەکی گەورەی هاندەرانی لێکەوتەوە کە بە گەورەترین کاردەوەی هاندەران دادەنرێت لە مێژووی تۆپی پێ بەرامبەر یانەکان و هەر ئەمەش وایکرد یانەکانی پرێمەرلیگ هەرزوو لە پڕۆژەکە بکشێنەوە، هاندەران وەکو نارەزایی درێسی یانەکانیان سووتاند و بە بەرزکردنەوەی کۆمەڵێک دروشمی جیاواز لە دەرەوەی یاریگاکان، نەک تەنیا یانەکان بەڵکو سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاشی هێنایە دەنگ.