داعش رێگری لە ھاووڵاتیان دەكات شاری رەققە چۆڵ بكەن

ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی رەققە دەستی پێدەکات

K24 - ھەولێر

لەگەڵ دەنگۆی نزیکبوونەوەی وادەی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنی شاری رەققەی سووریا، داعش رێگری لە دانیشتووانی دەكات ئەو شارە چۆڵ بکەن.

بەگوێرەی زانیاریی میدیا جیھانییەکان، کە پشتیان بە گوتەی ھاووڵاتیانی ناو شاری رەققە بەستووە، ئاشکرایان کردووە کە چەکدارانی داعش رێگری لە خەڵکی رەققە دەكەن ئەو شارە چۆڵ بکەن، دوای ئەوەی فڕۆکەكانی ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بڵاوکراوەیان بۆ دانیشتوانانی ئەو شارە خستوەتە خوارەوە و داوایان لێدەکەن شارەکە بەجێ بھێڵن، پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی شارەكە.

ئاژانسی سپۆتنیکی رووسی لە زاری فەرماندەیەكی سەربازی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ئاشکرای کردووە: "لە چەند رۆژی داھاتوودا، ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی شاری رەققە دەستی پێدەکات".

پێشتر ساڵح موسلم، ھاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكرات (په‌یه‌ده‌)، لە پاریس رایگەیاندبوو، ھێزەكانی سووریای دیموكرات، خۆیان ئامادە دەكەن لەگەڵ ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی شاری رەققە.

زیاتر لە دوو ساڵ دەبێت شاری رەقە كەوتوەتە دەست رێكخراوی داعش و بە یەكێك لە ناوچە ستراتیجیەكانی داعش لە سووریا دادەنرێت كە ژمارەیەكی زۆری ھێز و چەك و زرێپۆشیان لەو شارە جێگیر كردووە.