ئەمەریکا: میکانیزمی هەبوونی ‌هێزەکانمان لە عێراق لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دیاری دەکرێت

''بە نیاز نین هێزەکانمان لە عێراق زیاد بکەین''
هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا لە عێراق
هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا لە عێراق

K24 - هەولێر:

ماتیو تولەر، باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەغدا رایگەیاند، بەو چەکانەی دروستکراوی ئێران هێرش دەکرێتە سەر بەرژەوەنییەکانمان، هەبوونی ئەمەریکاش لە چوارچێوەی میکانیزمی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دیاری دەکرێت و بە نیازیش نین هێزەکانمان لەو وڵاتە زیاد بکەین.

تولەر، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی لەگەڵ کەناڵی "عەرەبیە"ی سعودی گوتی: "بەرنامەی کاری میلیشیاکانی عێراق لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە دادەڕێژرێت، چالاکییەکانیشیان لە دەسەڵاتی عێراق کەم دەکاتەوە".

چەندین جار لەلایەن میلیشیاکانی عێراقەوە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا و بنکەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتە رووبەڕووی هێرشی مووشەکی بوونەتەوە، باڵیۆزی ئەمەریکاش لە عێراق ئیدانەی کردەوەی میلیشیاکانی عێراقی کرد، بەتایبەت کە دژی هەرێمی کوردستان ئەنجام دراون.

تولەر ئاماژەی بەوە کرد، ''نامانەوێت پەیوەندی عێراق و ئێران بپچڕێت، بەڵام دەبێت پەیوەندییەکە لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەری هەودوولا بێت، هیچ لایەنێک دەستوەردان لە کاروباری یەکتر نەکات".

ئاماژەی بەوەش کرد، هەر دەستوەردانێکی دەرەکی لە عێراق رەت دەکەینەوە، عێراقێکی بەهێزی خاوەن سەروەریمان دەوێت، پێشوازی لە کرانەوەی عێراق بەرامبەر دراوسێ عەرەبییەکانی دەکەین، ئەمە عێراق دەگەڕێنێتەوە پێگەی خۆی.

سەبارەت بە بوونی ئەمەریکا لە عێراق، باڵیۆزی ئەمەریکا روونیکردەوە، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا دانەخراوە، بە نیازیش نین هێزەکانمان لەو وڵاتە زیاد بکەین، کە کەمتر لە (2) هەزار و (500) سەربازی ئەمەریکی لە عێراق هەن.

روونیشیکردەوە، لەمیانەی گفتوگۆی ستراتیژی، میکانیزمی هەبوونی ئەمەریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دیاری دەکرێت، دوای ئەوەی هێزەکانی عێراق ئامادە دەبن، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەتەواوەتی لە عێراق دەکشێنەوە.

 

د.ی