ژمارەیەک پەرلەمانتاری عێراق بە دۆسیەی گەندەڵی تۆمەتبار دەکرێن

رووبەڕوونەوەی گەندەڵی داواکاری هەڵگرتنی پارێزبەندی پێشکەش بە پەرلەمان دەکات
پەرلەمانی عێراق
پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، ژمارەیەک داواکارییان لەبارەی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر هەندێک پەرلەمانتار بەدەست گەیشتووە، کە بە دۆسیەی گەندەڵی تۆمەتبارکراون.

پێشتر چەند سەرچاوەیەک ئاماژەیان بەوەدابوو، ئەنجومەنی باڵای دادوەری داوای لە پەرلەمان کردبوو، پارێزبەندی لەسەر 20 پەرلەمانتار هەڵبگرێت.

دوای ئەو داواکاریانە بەشێک لە هێزە سیاسی و کەسایەتییەکانی پەرلەمان ترسیان لێنیشتووە بەوەی دەنگدان لەسەر هەڵگرتنی پارێزبەندی بەڕێوەبچێت.

بەشیر حەداد رایگەیاند، ئەنجومەنی نوێنەران لە چوارچێوەی یاسایی و بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ رێوشوێن دەگرێتە بەر، هەروەها بە شێوەیەکی یاسایی و شەفاف مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکە دەکات، ئامانجیانە بوار بە دادگا بدەن ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و متمانە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بەهێز بکەن، بەوەی ناوەندێکی یاسادانان و چاودێرییە، هەروەها پەرۆشن بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و گەندەڵکاران.