ئەمەریکا و ئیسرائیل لە بارەی ئێران کۆبوونەوە

ھەردوو لا باسییان لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران کرد و بەرپرسانی ئیسرائیلی نیگەرانییان لەو بارەوە دەربڕی
ئاڵای ئیسرائیل و ئەمەریكا
ئاڵای ئیسرائیل و ئەمەریكا

K24 – ھەولێر:

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل لەبارەی ئێران کۆبوونەوە.

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لەگەڵ سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (موساد) و باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە واشنتن کۆبووەتەوە و باسییان لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران کردووە و بەرپرسانی ئیسرائیلی نیگەرانییان لەو بارەوە دەربڕیووە.

لەلایەکی دیکەوە، ئیلی کۆهین، وەزیری هەواڵگری ئیسرائیل رایگەیاند، رێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران ناوچەکە بەرەو جەنگ دەبات و دووپاتیشیکردەوە، وڵاتەکەی هەرگیز ڕێگە بە ئێران نادات ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، گوتیشی: فڕۆکەکانمان دەتوانن بگەنە هەموو شوێنێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئێرانیشەوە.