نێچیرڤان بارزانی لە سلێمانییە

چەند پرسێک لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان تاوتوێ دەکات
کاتی گەیشتنی نێچیرڤان بارزانی بۆ مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە - سلێمانی
کاتی گەیشتنی نێچیرڤان بارزانی بۆ مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە - سلێمانی

K24 – هەولێر

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە یاوەری هەر یەک لە جەعفەر شێخ مستەفا و مستەفا سەید قادر جێگرانی سەرۆکی هەرێم سەردانی سلێمانی كرد و لە کۆبوونەوەكانیدا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان چەند پرسێک تاوتوێ كران.

سه‌رۆكی هه‌رێم و رێكخه‌ری گۆڕان كۆبوونه‌وه‌

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ جێگرانى سه‌رۆك ئاماده‌ى بوون، پرۆسه‌ى سياسى و دۆخى هه‌رێمى كوردستان به‌گشتى، پرسى ئاماده‌كردنى ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستان، ته‌حه‌دييه‌كانى ئه‌م قۆناغه‌ و مه‌ترسييه‌كانى، كێشه‌كان و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش، هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ تاوتوێ كران.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له‌ ڕه‌خساندنى كه‌شێكى له‌بار بۆ به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و پاراستنى ئازادييه‌كان و ته‌باييى ناوخۆيى كرايه‌وه هاوڕا بوون كه‌ ته‌حه‌دييه‌كان و دۆخى ناوخۆ، عێراق، ناوچه‌كه‌ و جيهانيش‌ ده‌خوازێت هه‌رێمى كوردستان يه‌كڕيز و ته‌با بێت.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ خۆيان و سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ن هه‌موو هه‌وڵێك له‌م پێناوه‌دا بخه‌نه‌گه‌ڕ و سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان شوێنى كۆكه‌ره‌وه‌ى هه‌موو بيروبۆچوونه‌ جياوازه‌كان و لايه‌ن و پێكهاته‌كان بێت و ئامانجى هاوبه‌شى هه‌مووان پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندييه‌ باڵاكانى هه‌رێمى كوردستان و باشتركردنى ئه‌زموونه‌كه‌ى بێت.

لاى خۆيه‌وه‌ عومه‌ر سه‌يد عه‌لى ڕێكخه‌رى گشتيى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و سه‌ركردايه‌تيى بزووتنه‌وه‌كه‌ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستانيان به‌ ئه‌رێنى و جددى له‌ قه‌ڵه‌م دا و دووپاتيان كرده‌وه‌ كه‌ پێويسته‌ له‌لايه‌ن‌ هه‌موو و هێز و پێكهاته‌كانه‌وه‌ پشتگيرى له‌و هه‌وڵانه‌ و له‌و ئاراسته‌يه‌ بكرێت كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌نديى پرۆسه‌ى سياسى و هه‌موو لايه‌كدايه‌.

له‌باره‌ى پرسى ده‌ستووريشه‌وه‌ هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌وه‌ى پێويسته‌ هه‌رێمى كوردستان خاوه‌نى ده‌ستوورێكى سه‌رده‌ميانه‌ و پێشكه‌وتوو بێت كه‌ به‌شداريى هه‌مووانى تێدا بێت و خواست و مافه‌كانى هه‌موو پێكهاته‌كانى كوردستان و ئێستا و داهاتووى وڵات و گه‌لى كوردستان بپارێزێت و له‌گه‌ڵ دنياى پێشكه‌وتوو بگونجێت. بۆ ئه‌مه‌ش به‌ پێوست زانرا ديد و بۆچوونى ته‌واوى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و پێكهاته‌كان و چين و توێژه‌كانى كۆمه‌ڵگا له‌ ئاماده‌كردنيدا ڕه‌نگ بداته‌وه‌ تا دوا جار له‌ په‌رله‌مانى كوردستان ده‌گاته‌ ئه‌نجام.

دواى كۆبوونەوه‌كه‌ش سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی لە وه‌ڵامى ڕۆژنامه‌نووساندا سەبارەت بە ئامانجی سەردانەكەیان و ناوەڕۆكی كۆبوونەوەیان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان گوتی: “ئەمڕۆ سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانمان كرد و دوای ئەوەش سەردانی برادەرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەین، سەرێك لە حزبی سۆشیالیستیش دەدەین. وەك خۆتان دەزانن پێشتریش كۆبوونەوەیەكمان لە سەرۆكایەتیی هەرێم ئەنجام داوە و تیایدا بڕیارمان دا سەردانی حزبەكان بكەین، لەگەڵ حزبەكان هەوڵی جددی بدەین ئەو كێشانەی لەناو هەرێمی كوردستان هەیە كەمی بكەینەوە و هەوڵیش بدەین لەسەر پرسی دەستووری هەرێمی كوردستان هەندێك بیروڕا لەگەڵ حزبەكان ئاڵوگۆڕ بكەین. هەر بۆ ئەم مەبەستەش ئەمڕۆ لە سلێمانی چاومان بە برادەرانی بزووتنەوەی گۆڕان كەوت و دواتریش یەكێتی لەسەر هەمان پرس دەبینین.”

دەربارەی یەكدەنگیی لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، بەڕێزیان ڕایگەیاند “شێوە و سیستمی هەڵبژاردن بەو شێوەیەك نییە هەر لە ئێستاوە هاوپەیمانی دروست بكەی، له‌وانه‌يه‌ ئەوە زۆر دەگمەن بێت، بەڵام بێگومان دوای هەڵبژاردنیش پێویستە كۆدەنگی هەبێت، پێویستە هەموو حزبەكان چوارچێوەیەك بۆ هاریكاری بدۆزنەوە چونكە ئەوەی ئاشكرایە ئه‌وه‌يه‌ ئەگەر پێكه‌وه‌ بین دەتوانین هەندێك لەو دەسكەوتانەی خۆمان لە بەغدا جێبەجێ بكەین، بەڵام ئەگەر پەرتەوازە بین بێگومان هەرێمی كوردستان زەرەمەندی یەكەم دەبێت و هەموو هەوڵی سەرۆكایەتیی هەرێمیش بۆ ئەوەیە بتوانین ئەو یەكڕیزییە دروست بكەین”.

کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ عومەری سەید عەلی و بەرپرسانی گۆڕان
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ عومەری سەید عەلی و بەرپرسانی گۆڕان

سه‌رۆكی هه‌رێم سه‌ردانی ده‌باشانی كرد

له‌ به‌رده‌وامى سه‌ردانيدا بۆ سلێمانى، نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سه‌رۆكى هه‌رێم، له‌گه‌ڵ هاوسه‌رۆكان و مەكتەبی سیاسیی يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ جێگرانى سه‌رۆك ئاماده‌ى بوون، نێچيرڤان بارزانى وێڕاى پێويستى و گرنگيى كارى هاوبه‌ش و پێكه‌وه‌ييى نێوان ته‌واوى هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و پێكهاته‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌پێناو مسۆگه‌ركردن و پاراستنى ماف و به‌رژه‌وه‌ندييه‌ باڵاكانى هه‌رێمى كوردستان و ئێستا و قۆناغه‌كانى داهاتوودا، جه‌ختى له‌ به‌رپرسياريه‌تى و رۆڵ و پێگه‌ى ديار و كاريگه‌رى يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان له‌ يه‌كڕيزى و ته‌بايى و پرۆسه‌ى سياسى و حوكمڕانيى هه‌رێمى كوردستان و له‌سه‌ر ئاستى عێراقدا كرده‌وه‌.

دیمه‌نی پێشوازیكردن له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم
دیمه‌نی پێشوازیكردن له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم

هه‌نگاوه‌كان بۆ ئاماده‌كردنى ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستان، دۆخى هه‌رێمى كوردستان به‌گشتى، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان، هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق و كۆمه‌ڵێك بابه‌تى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، چه‌ند ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوون.

دیمه‌نێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌
دیمه‌نێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌

لە لێداوانێکیدا بۆ میدیاکان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "دەمانەوێت لەگەڵ حزبەکان هەوڵی جددی بدەین، بۆ ئەوەی ئەو کێشانەی لە هەرێم هەن کەمیان بکەینەوە. هەروەها هەوڵبدەین لەسەر پرسی دەستوور بیروبۆچوون ئاڵوگۆڕ بکەین".

گوتیشی: "هەموومان پێکەوە دەتوانین دەستکەوتەکان لە بەغدا بەدەستبێنین، ئەگەر پەرتەوازەبین بێگومان هەرێمی کوردستان زەرەرمەندی یەکەم دەبێت، هەموو هەوڵەکانی سەرۆکایەتی هەرێم بۆ ئەوەیە یەکڕیزی لە نێوان لایەنەکان دروست بکەین".

دیمه‌نێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌
دیمه‌نێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەشکرد: "لەبارەی دەستوور خەریکی گفتوگۆین لەگەڵ هەموو هێزەکان، دواتر میکانزمێک دادەنێین، کە ئەمە ئیشی پەرلەمانی کوردستانە، بەڵام هەوڵی جددی هەیە بۆ ئەوەی پرسی دەستوور جێبەجێ بکرێت".

سه‌ردانی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان

دواتر شاندی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم سه‌ردانى محه‌مه‌د حاجى مه‌حموود سكرتێر و مه‌كته‌بى سياسيى حزبى سۆسياليست ديموكراتى كوردستانيان كرد.

له‌ ديدارێكدا دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى سياسيى هه‌رێمى كوردستان و هه‌وڵه‌كان له‌پێناو يه‌كخستنه‌وه‌ و هاوهه‌ڵوێستيى هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا تاوتوێ كران. له‌مباره‌يه‌وه‌ سكرتێرى حزبى سۆسياليست ديموكراتى كوردستان، هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستانى به‌ گرنگ و پێويست له‌ قه‌ڵه‌م دا و هه‌موو پشتگيرييه‌كى حزبى سۆسياليست ديموكراتى كوردستانيان بۆ دووپات كرده‌وه‌.

محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود و نێچیرڤان بارزانی
محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود و نێچیرڤان بارزانی

سه‌رۆكی هه‌رێم جه‌ختى له‌ گرنگيى به‌پيره‌وه‌چوونى ته‌واوى هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى به‌شدار و ده‌ره‌وه‌ى حكوومه‌تى بۆ هه‌وڵه‌كانى يه‌كڕيزى و دروستكردنى چوارچێوه‌يه‌كى هاوبه‌شى هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى نێوان لايه‌نه‌كان كرده‌وه تا هه‌مووان پێكه‌وه‌ بتوانن سه‌ركه‌وتووانه‌ سه‌ختييه‌كانى ئه‌م قۆناغه‌ تێپه‌ڕێنن و به‌ كارى پێكه‌وه‌يى به‌ره‌و داهاتوويه‌كى باشتر بۆ هه‌رێمى كوردستان هه‌نگاو بنێن.

بۆ تاوتوێکردنی ئەم پرسانە، دوێنێ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر لەگەڵ عه‌لى باپير، سه‌رۆكى كۆمه‌ڵى دادگه‌ريى كوردستان و سه‌لاحه‌دين به‌هائه‌دين، ئه‌ميندارى گشتي يه‌كگرتووى ئيسلاميى كوردستان کۆبووەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق کە لە 10ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت.