له‌ دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستاندا خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای وەزارەتی کارەبا دەکرێت

پڕۆژەکە دەبێتە هۆی باشکردنی دۆخی کارەبا لە ھەرێمی كوردستان
پەرلەمانی كوردستان
پەرلەمانی كوردستان

K24 – ھەولێر:

پرۆژە یاسای وەزارەتی کارەبا لەبەردەم پەرلەمانتارانە و خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکەن، پرۆژەکە لە 15 ماددە پێکھاتووە. بە پەسەندکردنی ئەم یاسایە دەستی وەزارەتی کارەبا واڵا ده‌بێت بۆ باشترکردنی کارەبا لە بواری دابەشکردن و بەرھەمێنان و فرە سەرچاوەکردنی دابینکردنی کارەبا.

گوڵیزار رەشید، جێگری سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، "پەسەندکردن وجێبەجێکردنی پرۆژە یاساکە بۆ کەرتی کارەبا گرنگە بە تایبەت بۆ زیادکردنی سەرچاوەکانی کارەبا و دابەشکردن و بەرھەمێنانی کارەبا. لە ماددەیەکی ئەم پرۆژەیەشدا سەرپێچیکردنە سەر تۆڕەکانی کارەبا و ئەنجامدەرانی سزا دەدرێن. لە دوای پەسەندکردنی یاساکەش وەزارەتی کارەبا بە رێنمایی بڕی سزای سەرپێچییەکان دیاری دەکات".

یەکێک لەکارنامەکانی کابینەی نۆیەم چاکسازیە لەکەرتی کارەبا و ھەنگاوی گەورەش نراوە. بە پەسەندکردنی یاساکەش کەرتی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان بە  یاسا رێکدەخرێت بە جۆرێک خەرجییەکان کەم دەبنەوە و بەرھەمھێنانیش زیاد دەبێت، ئەمەش ئامانجی سەرەکیی کابینەی نۆیەمە لە کەرتی کارەبا.