وەزارەتی نەوتی عێراق: داھاتە نەوتییەكانمان لە ملیارێك بۆ 6 ملیار دۆلاری مانگانە بەرز بووەتەوە
K24 – ھەولێر:
وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، داھاتە نەوتییەكانی لە ملیارێكەوە بۆ 6 ملیار دۆلاری مانگانە زیادی كردووە و پابەندی خۆی بە بڕیارەكانی رێكخراوی "ئۆپێك" دووپاتكردەوە.
گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی نەوتی عێراق، عاسم جیھاد بە كەناڵی RT راگەیاند، "عێراق سوورە لەسەر پابەندبوون بە رێككەوتنی "ئۆپێك+" بۆ كەمكردنەوەی بەرھەمھێنانی نەوت و كاركردن لە پێناو گەڕاندنەوەی ھاوسەنگی بۆ بازاڕی نەوت، كە دووچاری لەرزینێكی گەورە بوو بەھۆی لێكەوتەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و بووە مایەی مەنگبوونی ئابووری جیھان".
گوتیشی: "ئامانجی عێراق زیادكردنی بەھای دارایی نەوتی ھەناردەكراوییەتی و پابەندبوونە بەو بەشەی بۆ تەرخانكراوە لە لایەن "ئۆپێك+"وە تا ئەو كاتەی ھۆكارەكانی گەیشتن بەو دۆخە نەمێنێت. ئەمەش پێویستیی بە بڕیار و پابەندبوونی بەكۆمەڵ ھەیە لە لایەن بەرھەمھێنەرانی ئۆپێك و "ئۆپێك+"هوە، ھەر ئەمەشە بووهتە ھۆی سەركەوتنیان لە كەمكردنەوەی بەشێكی زۆر لە نەوتی زیادە لە بازاڕەكانی جیھان".
عاسم جیھاد ئاماژەشیكرد، "ئەم پابەندبوونە بووەتە ھۆی بەرزبوونەوەی نرخی یەك بەرمیلی نەوت لە 10 دۆلارەوە بەر لە چەند مانگێك بۆ 65 دۆلار لە ئێستادا، ھەروەھا داھاتی عێراق لە یەك ملیار دۆلارەوە زیادیكرد بۆ 5-6 ملیار دۆلاری مانگانە".
سەرچاوە: RT