میسر و توركیا ده‌ستیان به‌ راوێژی سیاسی كرد

راوێژی سیاسی لە نێوان میسر و توركیا لە قاھیرە
راوێژی سیاسی لە نێوان میسر و توركیا لە قاھیرە

K24 – ھەولێر:

ئەمڕۆ چوارشەممە، راوێژی سیاسی لە نێوان میسر و توركیا لە بارەگای وەزارەتی دەرەوە میسر لە قاھیرە دەستیپێكرد، بە سەرۆكایەتی باڵیۆز حەمدی سند لۆز، جێگری وەزیری دەرەوەی میسر و ھاوتا توركیایەكەی باڵیۆز سادات ئۆنال.

ت

وەزارەتی دەرەوەی میسر رایگه‌یاند، لە ئەمڕۆ چوارشەمەوە راوێژی سیاسی لەگەڵ توركیا ئەنجام دەدەین و لەوانەیە "بگەینە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لە نێوان ھەردوو وڵاتدا و لەسەر ئاستی دوولایەنی و لە چوارچێوەی ناوچەییدا".

لە راگەیاندراوێكی وەزارەتی دەرەوەی میسردا ھاتووە: "راوێژی سیاسی لە نێوان میسر و توركیا، بە سەرۆكایەتی باڵیۆز حەمدی سند لوزا، جێگری وەزیری دەرەوەی میسر و باڵیۆز سادات ئۆنال، جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا لە ماوەی نێوان 5 تا 6ی ئایاری ساڵی 2021 لە قاھیرە ئەنجامدەدرێت".

راگەیاندراوەكە گوتیشی: "گفتوگۆكان رۆشنایی دەخه‌نه‌ سەر ھەنگاوە پێویستەكان كە لەوانەیە بەرەو ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ھەردوو وڵات بچێت لەسەر ئاستی دوولایەنی و لە چوارچێوەی ناوچەییدا".

لە مانگی شوباتی رابردوو، توركیا دەستپێكردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی لەگەڵ میسر راگەیاند، ھەروەھا داوای لە دەزگا راگەیاندنەكانی ئۆپۆزیسیۆنی میسر لە توركیا كرد، رەخنەكانیان لە بەرامبەر دەسەڵاتدارانی میسر لە قاھیرە خاو بكەنەوە.