سەرۆكی ئیسرائیل "یائیر لابید"ی (ركابەری ناتانیاھۆ)ی راسپارد بۆ پێكھێنانی حكومەتی نوێ
K24 – ھەولێر:
سەرۆكی ئیسرائیل، رەئۆفین ریفلین، ئەمڕۆ چوارشەممە یائیر لابید، سەرۆكی حزبی "یش عەتید" و ركابەری سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاھۆی بۆ پێكھێنانی حكومەتی نوێی وڵاتهكهی راسپارد.
ریفیلین روونیكردەوە، لە كۆی 120 پەرلەمانتار لابید ئێستا پشتیوانی 56 پەرلەمانتاری ھەیە.
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاھۆ، پێش نێوەشەوی سێشەممە نووسراوی راسپاردنەكەی بۆ پێكھێنانی حكومەتی نوێ بۆ سەرۆكی ئیسرائیل گەڕاندەوە.
ئەمەش دوای ئەوە ھات، ناتانیاھۆ سەرۆكی ئیسرائیلی ئاگادار كردەوە، لهو ئەركەی شكستیھێناوە كه بەر لە 28 رۆژ پێی سپێردرابوو بۆ پێكھێنانی حكومەتێكی ھاوپەیمانی بەسەرۆكایەتی خۆی. حزبی لیكۆد، كە ناتانیاھۆ سەرۆكایەتیی دەكات، ھۆكاری شكەستەكەی خستە ئهستۆی سەرۆكی حزبی "یەمینا"، نفتالی بینێت و تۆمەتباریكرد بەوەی "پابەند نەبووە بە پێكھێنانی حكومەتێكی راستڕەو".
لیكۆد گوتی: "بەھۆی رەتكردنەوەی بینێت بە پابەندبوون بە حكومەتێكی راستڕەو، بە زیادكردنی ھەندێك ئەندامی دیكەی كنێست، سەرۆك وەزیران، ناتانیاھۆ راسپێردنەكەی بۆ سەرۆك گەڕاندەوە".
بهگوێرهی دهستووری ئهو وڵاته، لهئهگهری شكستھێنانی لابید لە پێكھێنانی حكومەتێكی ھاوپەیمان لە ماوەی 28 رۆژدا، سەرۆك دەتوانێت داوا لە پەرلەمان بكات، لە ماوهی سێ ھەفتەی دیكەدا كاندیدێكی دیكە دەستنیشان بكات، ئەگەر پەرلەمانیش نەیتوانی ئەو كارە بكات، ئەوە ھەڵبژاردنێكی نوێ ئەنجام دەدرێت.
ئەو تەنگژە سیاسییەی ئیسرائیل لە بنەڕەتدا بۆ ئەو كێشە یاساییانە دگەڕێتەوە، كە دووچاری ناتانیاھۆ بوونەتەوە. ھەندێك لە ھاوپەیمانە مەزندەكراوەكان گوتییان: ئەوان كار لە ژێر فهرمانی سەرۆك وەزیرانێكدا ناكەن بكەوێتە ژێر لێپرسینەوەی دادگا.