ئایدن مەعروف: بازاڕی قەیسەری هەولێر ڕەمزی پێکەوە ژیانی هەرێمی کوردستانە

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان
ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان

K24 - هەولێر

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بازاڕی قەیسەریی هەولێر ڕەمزی پێکەوە ژیانە لە کوردستان بۆیە گفتوگۆمان لەگەڵ پارێزگاری هەولێر و کونسوڵی گشتیی  تورکیا کردووە کە بەزووترین کات نۆژەن بکرێتەوە .

ئەمرۆ پێنجشەممە، 9ـی ئایاری 2024، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ڕووداوی ئاگر کەوتنەوەکەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر، کە بووە هۆی زەرەروو زیانێکی زۆر بۆ دووکاندارانی بازاڕەکە زیانێکی گەورەش بوو بۆ ئێمە و لە نزیکەوە ئێمە چاودێری ئەو ڕووداوە دەکەین.

بە گوتەی ئەو وەزیرە، "ئەو بازاڕەی هەولێر نوێنەرایەتی ڕەمزی پێکەوە ژیان دەکات لە هەرێمی کوردستان، بازاڕێکی گرنگە بۆ هەموولایەک بۆیە پێویستە لە نزیکەوە چاودێری و بەدواداچوونی بۆ بکرێت".

ئەو وەزیرە گوتیشی: "ئێمە ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاری لەگەڵ نوێنەرانی بازاڕی قەیسەری کردووە. هەروەها گفتوگۆشمان لەگەڵ پارێزگاری هەولێر و کونسوڵی گشتیی تورکیا کردووە، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی دووکاندارەکان بین، داواشمان کردووە کە نۆژەن بکرێتەوە و لە هەمان کاتیشدا قەرەبووی ئەو دووکاندارانە بکرێنەوە کە زیانی زۆریان بەرکەوتووە".

ئایدن مەعروف ڕاشیگەیاند، "لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێم لە نزیکەوە چاودێری ئەم ڕووداوە دەکەن، ئەوە بۆ ئێمە گرنگە، چونکە کاری ئێمەش ئەوەیە بزانین چۆن بتوانین پاڵپشتی دووکاندارەکان و حکوومەت بین".

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ئەوەشی خستە ڕوو، نوێنەرەکانی بازاڕی قەیسەری داواکارییان ئەوە بوو بە زووترین کات ئەو بازاڕە نۆژەن بکرێتەوە، لە هەمانکاتیشدا قەرەبوو بکرێنەوە.